موفتی دیاری عێراق ڕەخنە لە بڕیارەكانی عەبادی دەگرێ
ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە رافیع روفاعی موفتی دیاری عێراق لە راگەیەندراوێكدا بۆ میدیاكان ڕەخنەی لە حكومەتی حەیدەری عەبادی گرت بەوەی ستەم لە خەڵكی كوردستان دەكەن.
بەیاننامەكەی روفاعی كە لەلایەن عەبدولوەهاب عانی ئەندامی لیژنەی باڵای فەتوای عێراق خوێندرایەوە، تیایدا هاتبوو "ستەمی حكوومەتەكانی بەغدا وایان لە گەلی كوردستان كرد بڕیاری سەربەخۆیی بدەن".
هەروەها ئەوەشی گوتبوو كە حكوومەتی بەغدا حكوومەتێكی مەزهەبیە، ئەمەش گەورەترین كێشەی وڵاتەكەیە.
عانی ئاماژەی بەوە دا كە بەهۆی داخستنی فڕۆكەخانەكانی كوردستانەوە، روفاعی نەیتوانیوە لە میسرەوە سەردانی هەولێر بكات، بۆ ئەوەی بەیاننامەكەی لە هەولێر بخوێنێتەوە.
رافیع روفاعی ئەوەی بەبیر بەغدا هێناوەتەوە كە حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەدان هەزار كەسی لە ئاوارەکانی عێراق بەخێو کرد، كەچی ئێستە بەغدا بە داخستنی فڕۆکەخانەکانی کوردستان سزایان دەدات.
لە كۆتاییشدا گوتی عێراق لەلایەن ئێرانەوە بەڕێوەدەبرێت، لە سایەی ئەو حكوومەتەی عێراقیشدا، ناوچە سونییەكان وێران كراون.
bas news-
