ئابووریناسێک: ھیچ وڵاتێک تا ئێستا ئامادە نییە سنووری خۆی لەگەڵ ھەرێم دابخات
سەرەڕای ھەڕەشەی داخستنی دەروازە سنوورییەکان، ھێشتا ڕۆژانە جووڵەی بازرگانی و ھاتوچۆ لە دەروزاە سنوورییەکانی ھەرێمی کوردستاندا بەردەوامە. (عەبدولڕەحمان زرار)، پسپۆڕی ئابووری و مامۆستای زانکۆی سەلاحەدین بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاگەیاند: ''داخستنی سنوورەکانی ھەرێمی کوردستان لە لایەن وڵاتانی دەوروبەرەوە کارێکی ئاسان و ھەرەمەکی نییە و ھەردوو وڵاتی ئێران و تورکیا، کە دوو وڵاتی ھاوسنووری ھەرێمی کوردستانن، زیاتر لە ھەرێمی کوردستان زەرەرمەند دەبن، چونکە چەندین ساڵە تورکیا و ئێران سەرقاڵی ئەوەن بازاڕیان لە ھەرێمی کوردستان بکرێتەوە و چەندین کۆمپانیای ھەردوو وڵات لە ھەرێمی کوردستان کار دەکەن، ھەر ئەوەش وای کردووە بڕیاری گرتنی دەروازە سنوورییەکان تا ئێستا نەخراوەتە واری جێبەجێ کردنەوە، ڕاستە ھەڕەشە دەکەن لەبارەی داخستنی سنوورەوە، بەڵام بۆ ئەوانیش گرتنی سنوور کارێکی قورسە و ئەوانیش بیر لەوە دەکەنەوە ئەگەر سنوور بگرن بازاڕی ئەوانیش بەرەو داڕمان و لاوازبوون دەچێت.''
تورکیا و ئێران متمانەیان بەیەکتر نییە بۆ گرتنی سنوور و ھەریەکیان چاوەڕێی ئەوی دیکەیە، وەک ئەو پسپۆڕەی ئابووری ڕوونی دەکاتەوە: ''تورکیا و ئێران لە شەڕی ئابووریدا ترسیان لە یەکتر ھەیە، تورکیا دەترسێ سنوور بە ڕووی ھەرێمی کوردستاندا دابخات و ئێران پەشیمان بێتەوە لە بڕیارەکەی، ئەوەش دەبێتە زیانێکی گەورەی ئابووری بۆ تورکیا، چونکە دواتر ناتوانێ وەک پێشوو بازاڕی لە ھەرێمی کوردستان بکاتەوە، ئێرانیش بە ھەمان شێوەی تورکیا ترسی ھەیە، تورکیا پەشیمان بێتەوە لە بڕیاری گرتنی سنوور و دەرفەت لەو بڕیارە وەربگرێت بۆ ئەوەی زیاتر بزاوتی بازرگانی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان بەھێز بکات. ئێستا ھەرێمی کوردستان ناوەندێکی بازرگانییە بۆ ناوچەکە و ساڵی ١٩٩٠ نییە بەو ئاسانییە وڵاتان ھەرێمی کوردستان لەدەست بدەن.''
لەبارەی بڕیاری عێراق بۆ بەڕێوەبردنی دەروازە سنوورییەکان بە ھاوبەشی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان، (عەبدولڕەحمان زرار) گوتی: ''ئەوە بە پێی دەستووریش دروستە و بە دەبێ ھاوبەشی بەڕێوە ببرین، بەڵام ئەوە ھەتا بەر لە ڕیفڕاندۆم بڕیارێکی دروست بوو، عێراق بەر لە ٢٥ی ئەیلوول نەھاتووە ھەنگاوی وەھا بنێت بۆ ئەوەی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان دەروازە سنوورییەیکان بەڕێوە ببات، ئێستا ھەرناکرێت ئەوە تەنھا بڕیارێکە بۆ خۆیان و ھیچی دیکە، من باوەڕ ناکەم ھەرێم بەو مەرجەی عێراق ڕازی بێت و ناشچێتە واری جێبەجێکردنەوە.''
kdp-
