پسپۆڕانی سیاسی: بەهێزیی کوردستان لە بەرژەوەندیی ئەمەریکا و سوننە و ناوچەکەشدایە

پسپۆڕانی سیاسی: بەهێزیی کوردستان لە بەرژەوەندیی ئەمەریکا و سوننە و ناوچەکەشدایە
پسپۆڕان دەڵێن، کردارەکانی بەغدا بەرانبەر هەرێمی کوردستان، پەیوەندیی بە سیاسەتی ناوخۆی بەغداوە هەیە، هیچکام لە پلانەکانیان سەرناگرێت. ئاماژەش بۆ ئەوە دەکەن، بەهێزیی کوردستان لە بەرژەوەندیی ئەمەریکا و سوننەکانی ناوچەکەشدایە.

(سامی ڕێکانی)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''ئێستا دوو بەرە لە بەغدا هەن؛ بەرەی (عەبادی) و بەرەی (مالیکی)، هەریەکەشیان ئەمەریکا و ئیرانی لە پشتەوەیە و هەردووکیشیان ڕیفراندۆمیان بۆ خۆیان کردووەتە خاڵ و هەرکەس زیاتر دژایەتیی بکات بە بڕوای ئەوان لە هەڵبژاردنی دابێدا زیاتر خاڵ بۆ خۆی کۆ دەکاتەوە.''

ئەم شرۆڤەکارە سیاسییە پێی وایە: ''ئێستا هەموو وڵاتانی جیهان هەوڵ دەدەن لە ڕێی دانوستاندنەوە کیشەکان چارە بکرێن و کوردیش دەیەوێت لە ڕێی ئاشتییانەوە کێشەکان چارە بکرێن، کەچی بەغدا نایەوێت و هەندێک وڵاتانی دەوروبەر و خۆیشیان بە دەرفەتی دەزانن، کە ئەو ئابلۆقە ئابوورییە لەسەر کورد بچەسپێنن، بەڵام هیچ یەک لەوانە سەرناگرن.''

(سامی ڕێکانی) گوتیشی: ''مەحاڵە کورد بگەڕێتەوە، چونکە کوردستان بە هیچ شیوەیەک شتێکی شاشی نەکردووە، تەنیا بەندەکانی یاسای دەستووری جیبەجێ کردووە و ئێستاش ئەگەر کورد بێهێز بێت لە بەرژەوەندیی ئەمەریکا و تورکیا و سوننەکانیشدا نییە.''

(نەوزاد هێتوتی)، مامۆستای زانکۆ، باوەڕی وایە: ''بڕیارەکانی پەرلەمان لە ڕوانگەی هێزەوە هەمان ئەو عەقڵییەتەیە، کە لە بەغدا هەیە و بە هیچ شێوەیەک ئامادە نییە بە شێوەی گفتوگۆ لەگەڵ کوردستان دانیشت و هەرکاتێک بەغدا هێزی هەبووبێت، ویستوویە ئەو هێزە لە دژی کوردستان بەکار بێنیت و لەجیاتی گفتوگۆ، زمانی هەڕەشە بەکار دەهێنن.''

(د. نەوزاد هێتوتی)، کە پسپۆڕی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''حکوومەتی عێراق دەیگوت، پەرلەمانێک هەیە بە هاوسەنگی و دیموکراسی و فیدراڵی، کەچی لە ماوەی کاتژمێریکدا بڕیارێکی لە دژی گەلێک دەرکرد، ئەمە کارەساتە و لە هیچ جێگایەکی دنیا ڕووی نەداوە، جگە لە عێراق، ئەمەش مانای ئەوەیە هەمان ئەو ئەقڵییەتەی هەیە، کە پێشتر هەیبووە و نە گۆڕاوە. بەڵام هیچی لەدەست نایەت، چووە ڕێککەوتنی هاوشێوەی حکوومەتی بەعس لەگەڵ وڵاتان بکات و ئەم ئەقڵییەتە زۆر ترسناکە.''

ئەو پسپۆڕەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان زیاتر دەڵێت: ''ئەگەر هەرێمی کوردستان ڕیفراندۆمیشی نەکردبا، حکوومەتی عێراق هەمان شتی دەکرد، بەڵام ئێستا ڕووی ڕاستەقینەی خۆی پێشان دا و ئەو ١٣ خاڵەش، تەنیا لە ڕاگەیاندندا کار دەکات، ئەگەر نا بە هیچ شێوەیەک خاڵێکیشی جیبەجێ ناکرێت، تەنیا شەڕی دەرونی لە ڕاگەیاندندا دژی هەرێم دەکەن و دەیانەوێت هەرێم تەنازولاتیان بۆ بکات.''
kdp-
Top