پسپۆرێکی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان: دۆزی کورد لە پرسێکی نێوخۆیی دەرچووە و بووەتە پرسێکی نێودەوڵەتی

پسپۆرێکی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان: دۆزی کورد لە پرسێکی نێوخۆیی دەرچووە و بووەتە پرسێکی نێودەوڵەتی
سپۆڕێکی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان پێی وایە، دوای ڕیفڕاندۆم دۆزی گەلی کورد لە پرسێکی نێوخۆیی دەرچووە بۆ پرسێکی نێودەوڵەتی و دەشڵێت، پێویستە دەست بە دانوستان لەگەڵ بەغدا بکرێت و دانوستانەکان لەژێر چاودێریی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا بەڕێوەبچن، وەک ئەوەی بەر لە ڕیفڕاندۆم بەڵێنی ئەوەیان بە ھەرێمی کوردستان دا، پرسی سەربەخۆیی دەبەنە ئەنجومەنی ئاسایش.''

(د. شەمال حەسەن) پسۆڕی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''دوای ڕیفڕاندۆمی سەربەخۆیی، دۆزی کورد لە ھەرێمی کوردستاندا لە چوارچێوەیەکی نێوخۆیی و ناوچەیی دەرچووە بۆ پرسێکی نێودەوڵەتی و جیھانی، واتە ئێستا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی قسە لەسەر ڕیفڕاندۆمی ھەرێمی کوردستان دەکرێت و قۆناغی دوای ڕیفڕاندۆم، قۆناغێکی نوێیە بۆ ھەرێمی کوردستان. لەبەر ئەوەش، پێویستە ھەرێمی کوردستان و سەرکردایەتییەکەی بە شێوەیەکی دیکە مامەڵە لەگەڵ ڕەوشەکەدا بکات و ھەموو ئەگەرەکان لە بەرچاو بگرێت، چونکە ئەوەی پێش ٢٥ی ئەیلوول شتێکە و ئەوەی دوای ڕیفڕاندۆمیش جیاوازە، ئێمە چۆن بتوانین کێشەکان لەگەڵ بەغدا چارە بکەین و ڕەوشی نێودەوڵەتیش لەبەرچاو بگرین.''

وڵاتانی جیھان خوازیارن ھەرێمی کوردستان دەست بە دانوستان بکات لەگەڵ بەغدا و ھەردوو لایەنیش مەرجیان بۆ دانوستان ھەیە، بەڵام وەک ئەو پسپۆڕە ئاماژەی بۆ دەکات: ''نابێ ھەرێمی کوردستان دوای ئەنجامدانی ڕیفڕاندۆم دەستەوەستان بێت لەھەمبەر پرسەکەدا، بەڵکو پێویستە ھەرچیی زووە دەست بە دانوستان لەگەڵ بەغدا بکات، ئەویش بە چاودێریی لایەنی نێودەوڵەتی. ڕاستە بەر لە ڕیفڕاندۆم پێشنیار کرابوون بۆ سەرکردایەتیی سیاسیی کورد، لێ سەرکردایەتی پێی وابوو درەنگە و نەچووە ژێر باری ئەو پێشنیارانە بۆ دواخستنی پڕۆسەکە، دەبێت ھەرێم جارێکی دیکە ئەو پێشنیارانە بەکار بێنێت و داوا لەو وڵاتانە و نەتەوە یەکگرتووەکان بکات، چاودێری دانوستانەکانی بەغدا و ھەولێر بکەن.''

چەندین سەرکردەی و مەرجەعی ئایینیی عێراق داوای دەستپێکردنی دانوستانیان کردووە لە نێوان ھەرێمی کوردستان و عێراقدا، بەڵام سەرکردایەتیی سیاسیی کورد پێداگیریی لەوە دەکات، کە بە ھیچ شێوەیەک ئامادە نییە دانوستانی مەرجدار قبووڵ بکات و بگەڕێتەوە بۆ قۆناغی بەر لە ڕیفڕاندۆم، دکتۆر (شەمال حەسەن) دەڵێت: ''بەغدا تا ئێستاش بەو چاوە سەیری پڕۆسەکە دەکات، کە ھەرێمی کوردستان لە عێراق جیا نابێتەوە، بەڵام پێویستە سەرکردایەتیی ھەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای سەرەکیی خواستی گەلی کوردستان بچێتەوە دانوستان، ئەویش سەربەخۆیییە و ھەموو گەل بڕیاری خۆیان داوە و سەربەخۆیییان دەوێت، کێشەکە لەسەر ئەوە نییە بەغدا بە پێدانی ھەندێ ئیمتیاز ھەرێمی کوردستان ڕازی بکات، گەوھەری کێشەکە لەوەدایە چەندین ساڵە کورد پەراوێز خراوە و ئەنجامەکەی ڕیفڕاندۆمی لێ کەوتەوە.''
kdp-
Top