مەسیحییەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان ھەڕەشەکانی عێراق ڕەت دەکەنەوە

 	 مەسیحییەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان ھەڕەشەکانی عێراق ڕەت دەکەنەوە
ئەمڕۆ لە شاری ھەولێر مەسیحییەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان کۆنگرەیەکیان بۆ پاڵپشتیکردن لە سەربەخۆییی کوردستان ساز کرد. بەشداربوویەکی کۆنفرانسەکەش دەڵێت، ھەڕەشەکانی حکوومەت و پەرلەمانی عێراق بە ھەموو شێوەیەک ڕەت دەکەنەوە و داوا دەکەن گفتوگۆ لە نێوان ھەردوو لادا بکرێت.

پەرلەمانی عێراق بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیرانی عێراق ١٣ بڕیاری دژی ھەرێمی کوردستان دەرکرد و تێیدا کۆمەڵێک سزای بەسەر ھەرێمی کوردستاندا سەپاند، لەبەر ئەوەی ڕیفراندۆمی ئەنجام داوە، لە کاتێکدا وەک چاودێران و یاساناسان باسی لێوە دەکەن، ئەو بڕیارانە نادەستووری و ناقانوونین.

لەو بارەیەوە، (وەحیدە یاقۆ ھورمز) بەشداربووی کۆنفرانسی مەسیحییەکان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''مەبەست لەو کۆنفرانسە پاڵپشتیکردنە لە سەربەخۆییی کوردستان و تێیدا باسمان لەوە کرد، مەسیحییەکان بە بەڵێ دەنگیان داوە و پشتگیری لە سەربەخۆییی کوردستان دەکەن، بۆیە بە ھەموو شێوەیەک ھەڕەشەکانی حکوومەتی عێراق بۆ سەر ھەرێمی کوردستان ڕەت دەکەینەوە و ڕازی نابین ھیچ سزایەکی ھەرێمی کوردستان بدرێت.''

لەبارەی دەستپێکردنی گفتوگۆ لە نێوان ھەرێم و بەغدادا، (ھورمز) گوتی: ''پەیامێکمان بۆ سەرۆکوەزیران و مەرجەعی شیعەکان و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان نارد، کە گفتوگۆ لە نێوان ھەرێم و بەغدادا بکرێت و بە ھیچ شێوەیەک ڕازی نابین سزای ھەرێمی کوردستان بدرێت بە ھۆی ڕیفراندۆمەوە و ئەو بڕیار و ھەڕەەشانەی دەشکرێن ڕەتیان دەکەینەوە، چونکە ئەو کێشانە تەنھا بە گفتوگۆ چارەسەر دەکرێن، نەک بە ھەڕەشەکردن و سزادان.''
kdp-
Top