د.سەباح سوبحی: بڕیارەكانی عێراق دەرخەری ئیفلاسی سیاسین لە عێراقدا

 	 د.سەباح سوبحی: بڕیارەكانی عێراق دەرخەری ئیفلاسی سیاسین لە عێراقدا
پسپۆڕێكی زانستە سیاسییەكان دەڵێت، ئەو بڕیارانەی عێراق لە دژی هەرێم دەیدات دەرخەری ئیفلاسی سیاسیی عێراقە، ئاخر حكوومەتی عێراق خۆ هیچ دەسەڵاتێكی نەماوە بەسەر هەرێمی كوردستاندا و، باشیش دەزانێت دەوڵەتی كوردستان بەڕێوەیە.

چاودێرانی سیاسی پێیان وایە، حكوومەتی عێراق لە لایەن شیعەكانەوە قۆرخ كراوە. چونكە كەڕەت كەڕەت كوردیان لە كایەی سیاسی و دەسەڵات لە عێراق دوور خستەوە. لە لایەكی تریشەوە سوننەكان بە هۆی شەڕی داعشەوە تەواو پەرتەوازە بوونە و لە كایەی سیاسی و سەربازی و بڕیاردان لە عێراقدا زۆر بێهێز بوونە.

دكتۆر (سەباح سوبحی)، پسپۆڕی زانستە سیاسییەكان و مامۆستای زانكۆ بە ماڵپەڕی‌ فەرمیی پارتی‌ دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: ''ئەو بڕیارانەی عێراق لە دژی هەرێم دەیاندات، دەرخەری ئیفلاسی سیاسیی عێراقە، ئاخر خۆ حكوومەتی عێراق هیچ دەسەڵاتێكی نەماوە بەسەر هەرێمی كورددستاندا و، باشیش دەزانێت دەوڵەتی كوردستان بەرێوەیە. بەو هۆیەشەوە پەشێوییەكی زۆر بە بەغداوە دیارە و نازانن چۆن هەڵسوكەوت بكەن. بۆ نموونە، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كارەکەی دەركردنی یاسایە، بەڵام وا بڕیاری سیاسی جێبەجێ دەكات.''

ئەو پسپۆڕەی زانستە سیاسییەكان جەختیشی كردەوە: ''حكوومەتی عێراق سەدی سەد تائیفییە، ئاشکرا شیعەكان قۆرخیان كردووە، كۆمەڵگای نێودەوڵەتیش پشتیوانیی وەها حكوومەتێك ناكەن لە عێراق، بۆیە لە زووترین دەمدا بێهێز دەبێت و دەڕووخێت. هەرچی فشارێكی ئابووری و سیاسییش لە هەرێم بكات بێسوودە، چونكە ئیدی سەركردایەتیی سیاسی كورد ئامادە نییە بچێتەوە عێراق بۆ بنیادنانەوەی عێراقێكی یەكگرتوو.''

دكتۆر (سەباح سوبحی) ڕوونیشی كردەوە: ''حكوومەتی عێراق، كە شیعە قۆرخی كردووە، بەو بڕیارانەی دەیهەوێت كورد بوەستێنێت، لە هەمان كاتێشدا ئاوارەكانی هەرێم ئەزیەت بدات، كە زۆرینەیان سوننەن. ئاخر ئەوان لەسەر بنەمای مەزهەب و نەتەوە بیر دەكەنەوە و نایانەوێت ڕەوشی خەڵك و عێراق بەگشتی بەرەو باشی بچێت. تەنها كاریان جێبەجێكردنی پرۆژەی هیلالی شیعییە.''

ئەو پسپۆڕەی زانستە سیاسییەكان ئاماژەیشی دا: ''بە هۆی ئەو بڕیارانەوە کە بەغدا لە دژی هەرێم داونی، ئێستا خەڵكی هەرێم بە هەموو پێكهاتەكانەوە زیاتر سوورن لەسەر سەربەخۆیی و، تەواو بێئومێد بوونە لە عێراق.''
kdp-
Top