لە سۆران کچە ھەرزەکارێکی عەرەب لە نەخۆشخانەی فریاکەتن جێ دەھێڵدرێت

لە سۆران کچە ھەرزەکارێکی عەرەب لە نەخۆشخانەی فریاکەتن جێ دەھێڵدرێت
بەربەیانی ئەمڕۆ کچە ھەرزەکارێکی خەڵکی شاری مووسڵ لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سۆران دوزرایەوە و خێزانەکەی نادیارە.

ئیسماعیل ئیبراھیم، بەڕێوەبەری دەزگای کرمانجی بۆ راگەیاندن و رۆشنبیری،رایگەیاند: "بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە ١/١٠/٢٠١٧ لەلایەن نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سۆران ئاگادار کراینەوە، بەبوونی کچە ھەرزەکارێک عەرەبی خەڵکی شاری مووسڵ، بەناوی (سیدرا ھیشام) تەمەن ١٢ ساڵ، کە شەوی رابردوو لەلایەن کەسێکی نەناسراو گەیاندراوەتە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سۆران و جێیان ھێشتووەو ھیچ کەسوکارێکی دیار نییە، ھیوادارین دوای بینین و بیستنی ئەم ھەواڵە ھەرکەس زانیاری لەسەر کەس و کار و خێزانەکەیان ھەیە پەیوەندیمان پێوەبکات".

بەڕێوەبەری دەزگای کرمانجی بۆ راگەیاندن و رۆشنبیری، ئەوەشی خستە روو: "ئەم کچە ھەرزەکارە زۆر بێتاقەت دیار بوو، دەست و قاچێکیشی وەک پێویست کار ناکات، دوایی ئەوەی داواکاری گشتیی سۆران و مافی مرۆڤ و بەڕێوەبەرایەتیی نەھێشتنی توندوتیژی و بەرەنگاربوونەوەی ئافرەتانی سۆرانمان ئاگادارکردنەوە، وەک ئەرکێکی مرۆڤانە تا ئەوکاتەی شوێنێکی بۆ دەدۆزرێتەوە، بردومەتەوە ماڵەوەم و لەلایەن خێزان و منداڵەکانم خزمەتی دەکرێت".

سیدرا ھیشام، ئاشکرای کرد، کە گوایە باوکی چووەتە تورکیا و دایکیشی چووە دەرمانی بۆ بھێنێت، دواجار ھەمووانی لا وون بوونەو داواکارە لە لایەنە پەیوەندیدارەکان چارەنووسی خێزانەکەی بۆ بدۆزنەوەو چارەسەرێکی لێ بکرێت.










باسنیوز
Top