تەندروستیی گەرمیان راگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە
ئەمڕۆ یەکشەممە ١/١٠/٢٠١٧، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی گەرمیان، راگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە، تێدا ھاتووە: "لە ئەمڕۆ یەکشەمەوە، جارێکی تر کێشەی نەبونی پزیشک لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەھید ھەژار لە کەلار و بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی شەھید خالید گەرمیانی لەکفری سەری ھەڵدایەوە".
تەندروستیی گەرمیان، ئەوەشی خستوەتەڕوو: "ھۆکاری ئەم کێشەیەش ئەوەیە کە ئەو نۆ پزیشکەی نیشتەجێی خولاوەی بڕیار بو بۆ ناوچەکە بنێردرێن و لەمڕۆوە دەست بەدەوام بکەن، نەھاتوون و دەستیان بەدەوام نەکردوە، چونکە بەھۆی کێشەیان لەگەڵ تەندروستیی سلێمانی مانیان لە دەوام گرتووە و ئامادەنەبوون لە گەرمیان دەستبەکار بن".
تەندروستیی گەرمیان، جەختی لەوەش کردووەتەوە: "ئێمەش لە تەندروستیی گەرمیان لەگەڵ ئیدارەی گەرمیان و وەزارەتی تەندروستی، لە ھەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکەداین، بۆ ئەوەی لەوە زیاتر زیان بەر دانیشتوانی ناوچەکە نەکەوێت".
باسنیوز
