مەتران بەشار وەردە: لەبیرمان ناچێت کە کورد چۆن ئێمەیان لە داعش پاراست

 مەتران بەشار وەردە: لەبیرمان ناچێت کە کورد چۆن ئێمەیان لە داعش پاراست
کۆنفرانسی پێکهاتە و لایەنە جیاوازەکانی مەسیحییەکان لە عێراق بە مەبەستی گفتوگۆکردن لە بارەی بارودۆخی مەسیحییەکان لەلایەک و هەڵوێستیان لەبارەی پرسی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لە لایەکی دیکە، لە هۆڵی (بابیلۆن) لە شارۆچکەی عەنکاوە لە هەولێر بەڕێوە دەچێت.

لە سەرەتای کۆنفرانسەکەدا مەتران بەشار وەردە، یەکێک لە کەسایەتییە دیارەکانی پێکهاتەی مەسیحی لە هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوە کرد کە مەسیحییەکان زەرەرمەندی سەرەکین لەو ململانێیانەی کە لە عێراقدا ڕوویان داوە. جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەوان لەبیری ناکەن کە چۆن هەرێمی کوردستان و کورد بەهانای پێکهاتەی مەسیحییەوە چوون و پارێزگارییان لەو پێکهاتەیە کردووە و لە داعش پاراستوویانن.

هاوکات لە چەند خاڵێکدا داوای دەست پێکردنی گفتوگۆیەکی ئاشتییانەی لە نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق کرد و ڕای گەیاند: ”مەسیحییەکان لەو گرژییانەی ئەم دواییانە نیگەرانن“. بە پێویستیشی زانی کە پێکهاتەی مەسیحی لە ململانێکانی نێوان پێکهاتە سەرەکییەکان لە عێراق دوور بخرێنەوە و گوتی: ”مەسیحییەکان بەرگەی ئەشکەنجە و ئازاری زیاتر ناگرن“.

لە بەشێکی دیکەی داواکارییەکەیدا بەپێویستی زانی، ژیان بۆ شار و شارۆچکە مەسیحییەکان بگەڕێندرێتەوە و ئاوەدان بکرێنەوە. داوای وەستاندنی گۆڕانکارییە دیمۆگرافییەکانی لە ناوچە مێژووییەکانی مەسیحییەکان کرد.










باسنيوز
Top