کۆنفرانسی پێکهاتەکانی مەسیحی: پشتیوانی لە سەربەخۆیی کوردستان دەکەین

 کۆنفرانسی پێکهاتەکانی مەسیحی: پشتیوانی لە سەربەخۆیی کوردستان دەکەین
لە ڕاگەیاندراوی کۆتایی لێژنەی گردبوونەوەی گەلی (مەسیحی، کلدانی، ئاشووری، سریانی و ئەرمەنی) بۆ پشتیوانیکردن لە سەربەخۆیی کوردستان کە بەرئەنجامی کۆنفرانسی پێکهاتەکانی مەسیحی بوو، پشتیوانیی خۆی بۆ سەربەخۆیی کوردستان ڕاگەیاند.

لەو ڕاگەیاندراوەدا کە وەحیدە یاقۆ، ئەندامی پێکهاتەی مەسیحی لە پەرلەمانی کوردستان کەمێک لەمەوبەر لە میانی کۆنفرانسەکەدا لە هۆڵی بابیلۆن لە شارۆچکەی عەنکاوە لە هەولێر پێشکەشی کرد، ئاماژەی بەوە کرد: ”ئێمە لە سەرجەم کەنیسەکانی مەسیحییەکان، لەو قۆناغە هەستیارەدا کە گەلی مەسیحی پێیدا دەڕوات، لەو هەنگاوە نموونەییەی کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەخۆیەوە دیوە، ئێمە بە نوێنەرایەتیی مەسیحییەکانی (سلێمانی، دهۆک، هەولێر و کەرکووک)، هەروەها مەسحییەکانی نەینەوا و ناوچەکانی دیکە، بڕیارمان دا هەڵوێستێکی ڕوون بۆ مێژوو دەرببڕین، جەخت لە زەروورەتی ڕێزگرتن لە مافی چارەی خۆنووسین دەکەینەوە کە سەرجەم ڕۆڵەکانی کوردستان لە (تورکمان، عەرەب، کورد، کلدان، سریان، ئاشووری و ئەرمەن) و موسوڵمانانی (شیعە، سوننە، مەسیحی، ئێزدی، یەهوودی، بەهایی، کاکەیی، سابیئەی مەندایی و زەردەشتییەکان)، لە ڕیفراندۆمێکی شەفاف لە ٢٥ی ئەیلوولدا بە هەموو دونیا و هاوبەشەکانیان لە نیشتمان ڕاگەیاند کە ئیرادەی ئازادیان بۆ دامەزراندنی دەڵەتێکی دیموکراسیی فیدرالیی مەدەنیی ئازاد بە ڕێگەیەکی ئاشتییانە و مەدەنییانە لەسەر بنەمای گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا هەیە“.

جەختیش لەوە کرایەوە کە پێکهاتەی مەسیحی ”سزادانی بە کۆمەڵ و سزای سیاسیی تائیفی بە توندی ڕەت دەکەینەوە کە حکوومەتی ناوەندی لە بەغدا و ئەنجومەنی نوێنەرانەکەی (پەرلەمانی عێراق) لە بەرامبەر گەلی کوردستان گرتوویەتیە بەر“. دووپاتیشی کردەوە: ”ئەوان دەیانەوێت ڕێگە لە پیرۆزترین مافی مرۆیی بگرن کە سەرجەم بەڵگەنامە نێودەوڵەتییەکان و یاسا ئاسمانی و زەمینییەکان پەسەندیان کردووە“.

هەر لەو ڕاگەیاندراوەدا باس لە گوتاری تائیفی لە بەغدا کرا کە بەهۆیەوە لە دوای ساڵی 2003وە زیانێکی زۆر بەر پێکهاتەی مەسیحی کەوتووە و کراونەتە ئامانج کە لە ئەنجامدا زیاتر لە 1700 کەس لە کەنیسەکانی مەسیحییەکان لە ناوەڕاست و باشووری عێراق بوونەتە قوربانی.

باسیش لەوە کرا کە دوای دەرکەوتنی داعش، بەهۆی شەهیدبوونی هەزاران پێشمەرگە و حیکمەتی سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان، مەسیحییەکان پارێزران و ئازادی و کەرامەتیان پارێزرا.

لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: ”لێرەوە ڕای گشتیی نێودەوڵەتی و هەرێمی و نیشتمانی و سەرجەم لایەنەکان ئاگادار دەکەینەوە کە داوا دەکەین بچنەپاڵ دەنگی عەقڵ و ئاشتییانە و داوا دەکەین گوێ لە ڕای گەلی کوردستان بگرن. ئێمەش وەک پێکهاتەی مەسیحی، زیاتر لە ٨٧٪ی خەڵکەکەمان بە (بەڵێ) دەنگیان بۆ سەربەخۆیی کوردستان داوە کە هەمیشە هۆکارێکی سەرەکیی ئاشتی و پێکەوەژیان بووە لە ناوچەکەدا“.











باسنيوز
Top