سەركردەیەكی شیوعی: بەرپرسانی عێراق هەوڵێ تێکدانی یەكڕیزیی كورد دەدەن
هەندرێن ئەحمەد، ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی حزبی شیوعی كوردستان ڕایگەیاند: "ئێستا حەیدەر عەبادی لەژێر كۆمەڵك دروشمی هەڵبژاردنی لایەنە سیاسییە عێراقییەكان دایە و دەست و پێی بەستراوە، ئەو بڕیارانەش كە لەدژی كوردستان دەریان كردووە، زۆر خراپن و بواری سیاسەتیان بەرتەسك دەكاتەوە، بۆیە تاكە ڕێگای چارەسەر بۆ عێراق گفتوگۆكردنە لەگەڵ هەرێمی كوردستان، لەبەر ئەوەی ڕێگاكانی دیكە زیانی بۆ ناوچەكە و بەتایبەت خودی عێراق دەبێت".
ئەندامەكەی مەكتەبی سیاسیی شیوعی، پێی وایە عێراق دەیەوێت درز و بۆشاییەك لەناو یەكڕیزیی ئێستای كوردا بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی چاویان لە ئاستی دەنگی ئەو ملیۆنان خەڵكەی دەنگیان بە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان داوە دابخەن، لەگەڵ ئەوەشدا ئەوان داوای گفتوگۆی بێ مەرج دەكەن و دەیانەوێت خۆیان لە بابەتەكە بپەڕێننەوە و باسی ڕیفراندۆم نەكرێت، دەشڵێت: "پێویستە عێراق لەبری ئەو كارانە، ڕێز لە ئیرادەی خەڵكی كوردستان بگرن، هەروەها پەنا بۆ وڵاتانی دراوسێ نەبەن بۆ ئەوەی فشار بخەنە سەر هەرێمی كوردستان".
سەركردەكەی شیوعی، ئەوەشی خستە ڕوو: "ئێستا دۆزینەوەی ناونیشانێك بۆ كۆبوونەوەی هاوبەش لەگەڵ بەغدا گرنگە، چونكە خەڵكی كوردستان پێویستی بە یەكەم دانیشتن و گفتوگۆ هەیە، چونكە ئەوكاتە 25ی ئەیلوول دەچەسپێت و كەس ناتوانێت پاشەكشەی بەو ڕیفراندۆمە بكات كە كوردستان كردوویەتی، بەوەش دەست بە قۆناغێكی نوێ لەگەڵ عێراق دەكەین".
پێشتر پەرلەمان و حكوومەتی عێراق كۆمەڵێك بڕیاری لەدژی هەرێمی كوردستان دەركرد، سەرۆكوەزیرانی عێراقیش لە نوێترین چاوپێكەوتنی لەگەڵ هەفتەنامەی (ژیان)دا دەڵێت، گفتوگۆی مەرجدار ناكەین.
باسنیوز
