دیپلۆماتکارێکی ئەمریکی: ئەو عێراقەی دەمانناسی ئیتر بوونی نییە
باڵوێزی پێشووی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان جارێکی دیکە پاڵپشتی خۆی بۆ سەربەخۆیی کوردستان ڕاگەیاند و جەختی کردەوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکان پێویستە لەوە تێ بگات کە عێراقی ساڵانی ڕابردوو ھەر ساڵانێکە کۆتایی ھاتووە.
جۆن بۆڵتەن، لە میانەی گفتوگۆیەک لە ڕادیۆی (Sirius XM)ی ئەمریکی، باسی لە ھاوپەیمانییەتی نێوان کورد و ئەمریکا کرد و ڕای گەیان کە واشنگتۆن بەھۆی ساڵانێکی دۆستایەتی و ھاوکاری کوردەکان پێویستە لە دژی خواستی سەربەخۆیی کوردستان نەوەستێتەوە.
ئەم دیپلۆماتکارە ھەروەھا بە بیر حکوومەتی وڵاتەکەی دێنێتەوە کە ھەرێمی کوردستان لە شەڕی دژ بە تیرۆری نێودەوڵەتی و کێشەی نێوان ئەمریکا و ڕژێمی بەعس، بەردەوام ھاوکاری ئەمریکا بووە، ھەروھا وەک قەڵغانێکیش لە بەرامبەر گەشەی ھەژموونی ئێران لە ناوچەکە ئامادەیی ھەبووە.
بۆڵتەن لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: “ئەو دەوڵەتی عێراقەی ئەمە دەمانناسی ئیتر بوونی نییە و ھەرگیزیش ناگەڕێتەوە قۆناغی جاران، حکوومەتی بەغدا لە لایەن ئایەتولڵاکانی تارانەوە کۆنتڕۆڵ کراوە، ستراتیژی ئەمریکاش بۆ پشت بەستن بە حکوومەتی بەغدا لە شەڕی دژ بە داعش، پێم وایە ھەڵە بوو.”
بە گوتەی ئەم باڵوێزەی پێشووی ئەمریکا، وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی ھەڵە دەکات ئەگەر لە دژی دەرئەنجامەکانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی ھەرێمی کوردستان بووەستێتەوە، ھەر وەک چۆن ھەڵەی کرد بەر لە ریفراندۆمەکە دژی ئەنجامدانی ئەم ریفراندۆمە وەستاوە.
لە درێژەی گفتوگۆکەدا، بۆڵتەن جەختی کردەوە ریفراندۆمی سەربەخۆیی لە کوردستان جیھانی بەرەوڕووی واقیعێکی نوێ دا کردووەتەوە، بەڵام وەزارەتی دەرەوە ئەمریکا پێناچێت مەیلی ھەبێت دان بەم واقیعە دابنێت، ئەگەرچی ئەم واقیعە بە قازانجی ئەمریکاشە.
لە کۆتاییدا، ئەم سیاسەتمەدارە ئەمریکییە دووبارەی کردەوە کە سیاسەتی ئێستای ئەمریکا بووەتە ھۆی ئەوەی کە ئێران ھەژموونی خۆی بەسەر عێراقدا بچەسپێنێت و لەوێشەوە پەل بھاوێژێت بۆ سووریا و لوبنان.
bas news-
