سه‌رۆكى یه‌كێتیى زانایان بۆ ئیمامجومعەی موەقەتی تاران: ئێوە بەرگری لە داگیرکەر دەکەن

سه‌رۆكى یه‌كێتیى زانایان بۆ ئیمامجومعەی موەقەتی تاران: ئێوە بەرگری لە داگیرکەر دەکەن
دوای ئه‌وه‌ی له‌ گوتاری دوێنێ هه‌ینیدا، (ئایەتوڵڵا کاشانی)، ئیمامجومعەی موەقەتی تاران، تیشکی خسته‌ سه‌ر پرسی ڕیفراندۆم له‌ هه‌رێمی کوردستان و، پێی وابوو‌ ئه‌مه‌ پیلانی ئیسرائیله ‌و ئامۆژگاریی کوردی کرد نه‌چنه‌ ژێر پیلانی ئیسرائیله‌وه‌. سه‌رۆکی یه‌کێتیی زانایان له‌ لێدوانێکیدا وه‌ڵامی قسه‌کانی گوتاربێژی تاران ده‌داته‌وه‌ و ده‌ڵێت: ''ئێمه‌ وه‌ک زانایانی ئایینیی هه‌رێمی کوردستان، وێڕای نیگه‌رانیمان له‌و قسه‌ نالۆژیکی و دوور له‌ مه‌سئوولییه‌تانه‌ی له‌ که‌سانێک ده‌رده‌چن، کە خۆیان به‌ پیاوانی ئایینی و نوێنه‌ری موسڵمانان ده‌زانن، چه‌ند سه‌رنجێکمان له‌سه‌ر قسه‌کانی گوتاربێژی تاران هه‌یه‌.''

له‌و باره‌یه‌وه،‌ (د. عه‌بدوڵڵا سه‌عید وه‌یسى)، سه‌رۆكى یه‌كێتیى زانایانى ئایینیى ئیسلامى له‌ هه‌رێمى كوردستان، بە‌ ماڵپه‌ڕى فه‌رمیى پارتى دیموكراتى كوردستانى ڕاگەیاند: ''یه‌که‌م، به‌ تێڕوانینی ئێمه‌ مزگه‌وت شوێنی فێربوونی ڕه‌وشتی به‌رزی ڕاستگۆیی و هه‌قانییه‌ته‌، شوێنی دوورخستنه‌وه‌ی موسڵمانانه‌ له‌ درۆ و بوختانکردن، که‌چی (کاشانی) مزگه‌وت و ڕۆژی هه‌‌ینی به‌کار هێناوه‌ بۆ بوختانکردن به‌ گه‌لێکی مه‌زڵووم و بێبه‌شی وه‌کو کورد، به‌بێ ئه‌وه‌ی که‌مترین به‌ڵگه‌ی به‌ده‌سته‌وه‌ بێت و دڵنیاش بن هیچ به‌ڵگه‌یه‌کی له‌و باره‌وه‌ چنگ ناکه‌وێت، ئه‌مه‌ش مانای وایه‌، ڕۆژی هه‌ینی کردووەته‌ ده‌روازه‌یه‌ک بۆ هه‌شه‌ڕه‌شه ‌و پیلانگێڕی.

دووه‌م، ئێمه‌ له‌ ئیسلامه‌وه‌ فێر بووین، پێویسته‌ شوێن و پێگه‌ ئایینییه‌کان بۆ ئیسڵاح و چاکسازی و ئاشته‌وایی به‌کار بهێندرێن، تا ئه‌گه‌ر شه‌ڕیش دروست بوو، فه‌رمانی قورئان چاندنی ئاشته‌واییه،‌ به‌ڵام ئه‌و قسانه‌ی ئایه‌توڵڵا ڕێک به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ کردنه‌وه‌ی ده‌رگای فیتنه ‌و خوێنڕشتنه‌ له‌ نێوان موسڵماناندا، هه‌مووشمان ده‌زانین فیتنه‌ له‌ کوشتن گه‌وره‌تره‌.

سێیه‌م، ئه‌وه‌ی زیاتر ئێمه‌ی نیگه‌ران کردووه‌، هه‌میشه‌ که‌سانێک له‌ به‌رگی ئایینیدا‌ دێن کورد به‌ ئیسرائیل تۆمه‌تبار ده‌که‌ن، به‌مه‌ش خه‌ڵکی ساده‌ و ساویلکه‌ی خۆیانی پێ چه‌واشه‌ ده‌که‌ن، ئه‌گینا ئیسرائیل چ پەیوەندییەکی بۆ دۆزی گەلی کوردەوە هەیە؟ ئێمە سەد ساڵە دەچەوسێینەوە. پێش ئیسرائیل و دوای ئیسرائیلیش کێشەی کورد و کوردستان هەبووە. دوای ئەوەش مەگەر ئیسرائیل ئێمەی ئەنفال کرد؟ مەگەر ئیسرائیل کیمیابارانی کردین؟ ئیسرائیل گەنجەکانمان له‌سێداره‌ دەدات؟ ئیسرائیل وڵاتی ئێمەی کردە خاکی سووتاو؟ ئیسرائیل هیچ قازانج و زیانی بۆ ئێمە نییە. بەڵام ئەوە نیفاق و دووڕوویی ئێوەیە. ئەگەر ئێوە ڕقتان لە ئیسرائیلە، لەبەر ئەوەی خاکی فەلەستینی داگیر کردووە، ئەدی بۆچی خۆتان خاکی ئێمەتان داگیر کرد؟ ئەدی بۆ دیفاع لە داگیرکەر دەکەن و بوونەتە پشتیوانی داگیرکەرێکی دیکە و دژی میللەتێکی مەزڵووم دەوەستنەوە؟

چواره‌م، لەوانەیە خۆتان مامەڵەی ژێربەژێرتان لەگەڵ ئیسرائیل هەبێت، بەڵام ئێمە تا ئەم ساتەش میلەتێکی مەزڵوومین و سوپاسی هەر کەسێکیش دەکەین هاوکارمان بێت بۆ لاچوونی ئەو زوڵمە لەسەرمان. چاوەڕێی ئەوەشمان لە ئێوە دەکرد، کە پەیامی خوا و پێغەمبەر بەجێ بگەیەنن و هاوکاریی مەزڵوومان بکەن، نەک پیلان لە دژی ئێمە بگێڕن. ئەوە دەریخست، کە ئێوە دین تەنها بۆ خزمەتی سیاسەتی خۆتان بەکار دەهێنن.
پێنجه‌م، ئێوە وڵاتی خۆتان هەیە، چ پەیوەندییەکتان بە دەوڵەتێکی ترەوە هەیە، کە به‌م شێوه‌یه‌ ڕێگا بە خۆتان دەدەن پەلاماری ئێمە بدەن؟ بۆ تەدەخول لە کاروباری وڵاتانی تردا دەکەن؟ بۆ دەتانەوێ ئیرادەی میللەتی ئێمە داگیر بکەن؟
شه‌شه‌م، شەرمەزارییە بۆ ئێوە کە لەجیاتی ئەوەی ڕێگە نەدەن میللەتی خۆتان بچەوسێتەوە، کەچی خۆتان بەشدارن لە چەوساندنەوەی میللەت و دەتانەوێ میللەتانی تریش دەستەمۆی سیاسەتی خۆتان بکەن. زیندانەکانی ئێوە پڕن لە خەڵکی بێگوناه و گەنجان لەسێدارە دەدەن. بۆیە مافی ئەوەتان نییە باسی میللەتی ئێمە بکەن، به‌تایبه‌تی له‌ به‌رگی ئاینیدا‌ خۆڵ له‌ چاوی خه‌ڵک بکه‌ن.''

له‌ كۆتاییدا سه‌رۆكی یه‌كێتیى زانایان ده‌ڵێت: ''هیوادارین داموده‌زگا ئایینییه‌کانی وڵاتان دوور که‌ونه‌وه‌ له خۆقورتاندن له‌ کاروباری ئێمه‌، ئه‌گه‌ر ده‌توانن قسه‌یه‌کی خێر بکه‌ن، به‌تایبه‌تی ئێمه‌ چاوه‌ڕوان بووین ده‌نگێکی به‌زر بن له‌ مه‌زڵوومییه‌تی ئێمه‌، که‌ حکوومه‌ته‌کانی عێراق، به‌وه‌ی ئێستاشیانه‌وه‌، نان و ئاو و هه‌وا و هه‌ناسه‌شیان له‌ ئێمه‌ داگیر کردووه‌.''

kdp-
Top