سبەینێ ئەنجومەنی باڵای ڕیفڕاندۆم کۆ دەبێتەوە
بڕیارە سبەینێ جارێکی دیکە ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم بە سەرپەرشتیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەیەکی دی ئەنجام بدات، کۆبوونەوەیەک کە پێداگری ئەو ئەنجومەنە لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم سەرکەوتنی هێنا و گەلی کوردستانیش بە ڕێژەی زیاتر لە ٩٢% دەنگی بۆ سەربەخۆییی کوردستان دا.
کۆبوونەوەی ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم لە کاتێکدایە کە حکوومەتی عێراق و پەرلەمانی عێراق کۆمەڵێک سزای بۆ هەرێمی کوردستان دەرکردوون، بۆیە بە گوێرەی زانیاریی (ماجد بازرگان)، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای ڕیفڕاندۆم سبەینێ ئەو باسە لەوێدا تاوتوێ دەکرێت.
(ماجد بازرگان) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''سبەی یەکشەممە ئەنجومەنی باڵای ڕیفڕاندۆم کۆ دەبێتەوە و تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکەش تایبەت دەبێت بە ڕەوشی ئێستای ھەرێمی کوردستان و دەرکردنی بڕیارەکانی پەرلەمانی عێراق دژی خەڵکی ھەرێمی کوردستان و وەڵامی پەرلەمان و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ حکوومەت و پەرلەمانی عێراق، چونکە ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان سزای بەکۆمەلی خەڵکی کوردستانە و سبەی ئەنجومەنی باڵای ڕیفڕاندۆم بە وردی دانوستان لەبارەی ئەو پرسەوە دەکات.''
ئێستا هەوڵەکان لەسەر دیالۆگی نێوان هەولێر و بەغدا لە لایەن کۆمەڵگەی دەولییەوە چڕ بووەتەوە و ئەمەریکا بە هێڵی سووری دەزانێت، کە بەغدا و دراوسێکانی گوشاری ئابووری بخەنە سەر هەرێمی کوردستان، یان بیر لە بژاردەی سەربازی دژی هەرێم بکەنەوە.
حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش بەفەرمی وەڵامی بۆ هەڕەشەکانی بەغدا هەبوو و بە شێوەیەکی یاسایی وەڵامی دایەوە، کە بڕیارەکانی بەغدا لەبارەی ڕاگرتنی هێڵی ئاسمانییەوە، سزادانی بەکۆمەڵی خەڵکی کوردستانە و ئەمڕۆیش پەرلەمانی کوردستان بەردەوامە لە وەڵامدانەوەی بەغدا، هاوکات چاودێرانی سیاسیش پەرلەمانی بەغدا بە ئەنجومەنی جەنگ دەزانن و شوێنی بڕیارەکانی تائیفی و توندڕۆکان کەوتووە و لە ئەرکی چاودێریکردنی خۆیدا وەک بنەمای دەستووری و یاسایی لای داوە.
(ماجد بازرگان) ئاماژەیشی دا: ''ژمارەیەک وڵاتی جیھان دەستپێشخەرییان ھەیە بۆ نێوەندگیریی ھەرێمی کوردستان و بەغدا و ھەڵوێستی ھەندێ وڵاتمان بینیوە، لەبەر ئەوەش لە کۆبوونەوەی سبەیدا قسە لەسەر ئەو پرسە دەکرێت، بێگومان ئێمە لە قۆناغی دوای ڕیفڕاندۆمداین، ئەویش قۆناغی دانوستانە، ھەر نێوەندگیری و دەستپێشخەرییەک ھەبێت لە لایەن بەغدا، یان ھەر وڵاتێکی دیکەی جیھانەوە، پێشوازیی لێ دەکەین، چونکە ئێمە تا ئێستا ڕژدین لەسەر ئەوەی کێشەکانمان لەگەل بەغدا بە دانوستان چارەسەر بکەین.''
kdp-
