"داوا دەکرێت هەرێمی کوردستان کۆدی تایبەت بە هێڵی ئاسمانیی خۆی هەبێت"
بە پێی ئامارێکی دەست ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان کەوتووە، بە ھۆی ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەکانی ھەرێمی کوردستانەوە، چوارسەد کۆمپانیا و حەوت ھەزار کارمەند بێکار بوونە و کاریگەریی ئابووری لەسەر ژیانیان دروست دەکات، (ھێمن ھێرش)، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی کۆمپانیای زاگرۆس جێت بۆ کاروباری فڕۆکەوانی، ئامارەکەی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان پشتڕاست کردەوە و گوتی: ''زیاتر لەو ژمارەیە کارمەند و فەرمانبەری کۆمپانیاکان بێکار بووە، ئەوە تەنیا ئەوانە کە تۆمار کراون، بەڵام بە ھەزاران کارمەندی دیکەش ھەن، جگە لەو ژمارەیە ھەر لەو کارمەندەی خواردن و بەنزین بۆ فڕۆکە و ستافەکەی دابین دەکات، ھەتا دەگاتە ئەو تەکسییانەی تایبەتن بە گواستنەوەی گەشتیاران لە فڕۆکەخانە و کۆمپانیاکان، بێگومان خەڵکی سڤیل زیانییان بەردەکەوێت و بێکاریی زیاد دەکات، ئەو بڕیارەش بۆ سزادانی بەکۆمەڵی خەڵکی کوردستانە.''
ھەرێمی کوردستان خۆی بۆ ھەموو ئەگەرەکانی بەرەو دەوڵەتبوون ئامادە کردووە و یەکێک لەو ھەنگاوانەش بەدەستھێنانی ئاسمانی سەربەخۆیە بۆ بەکارھێنانی لەگەڵ جیھانی دەرەوە. پەیوەست بەم پرسەوە، (وەحیدە یاقوو)، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''بەڵێ ھەرێمی کوردستان خوازیارە ئاسمانی سەربەخۆی ھەبێت و ھەنگاوێکی گەورەشە، ئەگەر بەدەست بێت، چونکە ئاسمانی سەربەخۆ لە ڕووی گەشتکردن بۆ جیھانی دەرەوە گرنگە بۆ ھەرێمی کوردستان لە ئێستا و داھاتوودا. ئێمە ئەمڕۆ لە پەرلەمان چەندین پێشنیارمان ئامادە کردووە بۆ حکوومەت و ھەتا سبەی پەرلەمان ھەموو پێشنیار و بڕیارەکانی کۆ دەکاتەوە، بە شێوەی ڕاپۆرت دەیداتە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لەبەر ئەوەش وەزیری گواستنەوە و گەیاندن و سکرتێری ئەنجومەن، بانگھێشتی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستان کرابوون.''
(ھێمن ھێرش)، بەڕێوەبەری پێوەندییەکانی کۆمپانیای زاگرۆس جێت بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''زاگرۆس جێت، گەورەترین کۆمپانیای فڕۆکەوانیی ھەرێمی کوردستانە و ئەگەر کێشەی ئاسمان لەگەڵ عێراق نەمێنێت و ھەرێمی کوردستان ببێتە خاوەن ئاسمانی سەربەخۆی خۆی، ئەوە بێگومان لە تواناماندایە گەشت بۆ ھەموو وڵاتانی جیھان بکەین، تەنانەت توانای گەشتکردنی زاگرۆس جێت لە کۆمپانیای نیشتمانیی عێراقیش زیاترە، چونکە ئەوان ناتوانن کۆرسی بۆ ئەوروپا دابین بکەن، ئێمە ئێستا ئەو کارە بەڕێوە دەبەین. لەبەر ئەوەش، ھەرێمی کوردستان ھەنگاوێکی وەھا بگرێتەبەر، ئەوە ئێمە ئامادەین بۆ ئەوەی گەشت لە کوردستانەوە بۆ ھەموو جیھان ئەنجام بدەن.''
ھەرێمی کوردستان دەبێتە خاوەن کۆدی تایبەت بە خۆی لە ڕووی ئاسمانییەوە و دەتوانێت گەشت بۆ ھەموو جیھان بکات، ئەگەر بێت و ھەوڵەکەی حکوومەت سەر بگرێت، وەک (وەحیدە یاقوو) ڕوونی دەکاتەوە: ''ئێمە داوامان کردووە ھەرێمی کوردستان داوای کۆدێکی تایبەت بە خۆی بکات و ئاسمانی ھەرێمی کوردستان جیا بکرێتەوە لە عێراق، ئەو داوایە ئاراستەی نەتەوە یەکگرتووەکان و فڕۆکەوانیی مەدەنیی شیکاگۆش دەکەین، ئەگەر ھەوڵەکە سەری گرت، ھیچ کێشەیەک بە ناوی ڕاگرتنی گەشتی ئاسمانی نامێنێت و ھەرێمی کوردستان دەبێتە خاوەن ئاسمانی سەربەخۆ. ڕۆژانی داھاتووش لە ڕووی یاسایی و نێودەوڵەتییەوە، دەست بە ھەنگاوەکان دەکەین.''
kdp-
