موئەید تەیب: حکوومەت و پەرلەمانی عێراق فیدراڵی نین و لەدەست ھاوپەیمانیی شیعەدان
کورد لە ساڵی ٢٠٠٣وە بەو مەرجە بەشداریی لە عێراقی نوێدا کردووە، کە شەریکی ڕاستەقینە بیت، بەڵام جگە لەوەی کورد شەریک نەبووە، بگرە پەرلەمانی عێراقیش، کە زۆرینەی عەربە، بە ئارەزووی خۆیان بڕیار دەدەن دژی ھەرێمی کوردستان و بەم دواییانەش ١٣ بڕیاری دیکەیان دژی ھەرێمی کوردستان دەرکرد، بەبێ ئەوەی کورد ئامادە بێت و بەشدار بێت لە کاتی بڕیاردان، لەمبارەیەوە سیاسەتمەداری کورد، (موئەید تەیب) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''بەپێی دەستووری عێراق حکوومەت و پەرلەمان لەسەر سێ بنەما دادەمەزرێت، تەوافوق و ھاوسەنگی و شەراکەت، بۆیە ئەوەی لە پەرلەمان بڕیاری لەسەر درا، واتە زۆرینەی عەرەب بەبێ کورد، ئەوە دژی دەستوورە، بۆیە ئەوەی ئێستا ھەیە نە پەرلەمان و نە حکوومەت فیدراڵی نین و لە دەستی ھاوپەیمانیی شیعەدان و دەستیان بەسەر ھەموویدا گرتووە، تەنانەت دادگای فیدراڵیش، بۆیە ئێستا عێراق لەدەستی ئەواندایە و ئەوەی باس لەوە دەکات لە کۆبوونەوەکەدا سوننەش بەشدار بوونە، ڕاست نییە، چونکە ئەوانە لەژێر دەسەڵاتی شیعەکاندانە و لەژێر دەسەڵاتی سوننەدا نین، ھەربۆیەش ئەو بڕیارانەی دراون جێبەجێ ناکرێن.''
(مالیکی) بووە ھۆکاری بڕینی قووتی خەڵکی کوردستان و ھەمیشە دژایەتیی کوردی کردووە و بە پێی گوتەی چاودێرانیش ڕۆڵێکی سەرەکیی ھەبووە لەو بڕیارانەدا کە بەم دواییانە داویانە. سەبارەت بەو پرسە (تەیب) گوتی: ''لەو بڕیارانەدا کە دراون، (مالیکی) ڕۆڵێکی سەرەکیی ھەبووە، چونکە تەنیا نموونەیەک دێنمەوە، کاتێک سەرۆکوەزیران کۆمەڵێک بڕیاری بۆ چاکسازی دەرکرد، لەوانە لادانی جێگرەکانی سەرۆککۆمار، بۆیە دواتر (مالیکی) وای لە دادگای فیدراڵی کرد بڕیاری گەڕانەوەی بدەن، کە پێویست بوو گەر ئەوان بگەڕێنەوە ھەموو ئەوانەی دیکەش کە سەرۆکوەزیران بڕیاری لەسەر دابوون، ھەڵوەشێنەوە، بەڵام دادگا تەنھا بڕیاری گەڕانەوەی جێگرەکانی دەرکرد، بۆیە دیارە دادگاش لەدەستی ئەودایە و، ئێمە لەبەرامبەر حکوومەتی ئیتیحادیدا نین و ھەموو بڕیارەکان لەدەستی ھاوپەیمانیی شیعەدایە، بۆیە دوای ئێمە، سوننەش داوای جیابوونەوە لە شیعەکان دەکەن.''
بە ڕای یاساناسان ئەو بڕیارانەی پەرلەمانی عێراق دەری کردوون، تەواو پێچەوانەی یاسا و دەستووری عێراقن و بە ھیچ شێوەیەک دەستوور ڕێگە نادات سنوور بە ڕووی ھەرێمدا دابخرێن و فڕۆکەخانەکان دابخرێن و ھێز دژی ھەرێم بەکار بھێندرێت، بۆیە ئەمەی کراوە وەکو کاردانەوە بووە بەرامبەر بە ھەرێمی کوردستان.
یاساناس، (ئازاد ئەبووبەکر)یش، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ئەوەی پەرلەمانی عێراق و حکوومەتی عێراق کردیان، کاردانەوە بوون بەپەلە کران و زۆر توند بوون، بەتەواوەتیش پێچەوانەی یاسا و دەستوور بوون، چونکە لە کوێی دەستووردا ھاتووە باسی فرۆکەخانە و سنوورەکان بکات و ھەمووی لە لایەن حکوومەتی عێراقەوە دەستی بەسەردا بگیرێت، کە بە پێی دەستوور پێویستە بە ھاوبەشی بێت، نەک عێراق داگیری بکات.''
(ئازاد ئەبووبەکر) باسی لەوەش کرد: ''بڕوا ناکەم ئەو بڕیارانە جێبەجێ بکرێن، چونکە نایاسایی و نادەستوورین و جگە لەوەش، کۆمەڵگانی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکانیش لەسەر خەتن، بۆیە بڕیارەکانی ئەوان ھەڵچوونە و بۆ بانگەشەی ھەڵبژاردنەکانە و ھیچی دیکە نییە، کە جێبەجێ بکرێت.''
kdp-
