پەرلەمانی کوردستان بڕیارەکانی پەرلەمانی عێراق بە نایاسایی دەزانێت و ڕەتیان دەکاتەوە

 	 پەرلەمانی کوردستان بڕیارەکانی پەرلەمانی عێراق بە نایاسایی دەزانێت و ڕەتیان دەکاتەوە
پەرلەمانی کوردستان هێشتا لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا سەبارەت بە وەڵامدانەوەی بڕیارەکانی پەرلەمانی بەغدا بەردەوامە، تا ئێستا پەرلەمانی کوردستان بەوە گەییشتووە، کە بڕیارەکانی پەرلەمانی عێراق نایاسایین و ڕەتی کردووەنەتەوە.

سەعات ١١ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ٣٠/٩/٢٠١٧، پەرلەمانی کوردستان بە سەرۆکایەتیی (د. جەعفەر ئیبراھیم ئێمینکی)، جێگری سەرۆکی پەرلەمان و (بێگەرد دڵشاد تاڵەبانی)، سکرتێری کاتیی پەرلەمان، دانیشتنی ژمارە (٢)ی ئاساییی خولی پاییزەی ساڵی چوارەم لە خولی چوارەمی ھەڵبژاردنی بە ئامادەبوونی (مەولوود باوە موراد)، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەوەکالەت و (ئامانج ڕەحیم)، ڕاوێژکاری یاساییی حکوومەتی ھەرێم ئەنجام دا.

کۆبونەوەی پەرلەمان لە چوار خاڵ پێک ھات، لەوانەش دەستلەکارکێشانەوەی پەرلەمانتاران (فەخرەدین قادر) و (فەرھاد سەنگاوی)، ھەروەھا خاڵێکی دیکەی کۆبوونەوەی پەرلەمان بریتی بوو لە دەرکردنی بڕیارەکانی پەرلەمانی عێراق دژی خەڵکی ھەرێمی کوردستان و خاڵی کۆتاییی کۆبوونەوەی پەرلەمانیش بۆ پرسی ھەڵوەشاندنەوەی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران تەرخان کرابوو. لە کۆبوونەوەی پەرلەماندا، لە لایەن لیژنەی کاروباری یاساییەوە خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەبڕیاری ھەڵوەشاندنەوەی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم کرا و لە لایەن سەرۆکایەتیی پەرلەمانیشەوە ئاراستەی لیژنە پەیوەندیدارەکان کرا بۆ ئەنجامدانی ڕێکارە یاساییەکانی.

دوا خاڵی بەرنامەی کاری پەرلەمان بریتی بوو لە وەڵامی پەرلەمانی کوردستان سەبارەت بە دوایین ھەڵوێست و بڕیارەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و حکوومەتی فیدڕاڵ سەبارەت بە ڕیفراندۆمی ھەرێمی کوردستان و، لە لایەن سەرۆکایەتیی پەرلەمانەوە ڕێکارەکانی گفتوگۆکردنی ئەم بابەتە خرایە ڕوو.

(مەولوود باوە موراد)، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران ئامادەی دانیشتی پەرلەمان بوون و وەزیری گواستنەوە بە وردی تیشکی خستە سەر بڕیاری حکوومەتی عێراق بۆ ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی ھەردوو فڕۆکەخانەی ھەولێر و سلێمانی و ڕایگەیاند: ''فڕۆکەخانەکانی ھەرێمی کوردستان پابەندی یاسا و ڕێنمایییەکانی فڕۆکەخانە مەدەنییەکانی عێراق بوونە و پێشنیاری بۆ حکوومەتی بەغدا ناردووە تا بە دانوستان کێشەکە چارەسەر بکرێت.''

دواتر پەرلەمانتاران ڕا و بۆچوونی خۆیان لەبارەی بڕیارەکانی پەرلەمان و حکوومەتی عێراقەوە خستە ڕوو، کە بڕیارەکانیان سیاسین و بەتوندی لە لایەن پەرلەمانتاران و سەرۆکی فڕاکسیۆنەکانی نێو پەرلەمانی کوردستانەوە ڕەت کرانەوە و، پەرلەمانتاران ئەو بڕیارانەیان بە بڕیاری سیاسی وەسف کرد، چونکە پەرلەمانی کوردستان پێی وایە دیالۆگ و دانوستان تاکە چارەسەرە بۆ کۆتاییھێنان بە کێشەکان
kdp-
Top