سەرۆکی ھەرێمی کوردستان نامەیەکی لە وەزیری بەرگریی بەریتانیاوە پێگەیشت

 سەرۆکی ھەرێمی کوردستان نامەیەکی لە وەزیری بەرگریی بەریتانیاوە پێگەیشت
وەزیری بەرگریی بەریتانیا نامەیەکی بۆ سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ناردووە و داوا دەكات دەست بە گفتوگۆی بنیاتنەرانە بکەن لەگەڵ بەغدا و دراوسێکان، تاکو بگەنە چارەسەرێکی گونجاو بۆ ھەموو لایەک و بە شێوەیەکی ڕێکوپێک و ھێمنانە.

لە 27/9/2017ـدا مایکل فاڵن، وەزیری بەرگریی بەریتانیا لە نامەیەک بۆ مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستانی ناردووە، سوپاسی بارزانی دەکات بۆ میوانداری و ئەو گفتوگۆ ڕاشکاوانەیە کە لە کاتی سەردانیدا بۆ کوردستان لە نێوان ئەو و بارزانی پەیوەست بە بابەتی ڕیفراندۆم ئەنجام دراوە.

لە بەشێکی تری نامەکەدا وەزیری بەرگریی بەریتانیا ستایشی گەلی کوردستانی کردووە کە لە بەرەی پێشەوەی شەڕی تیرۆر بوونە و ھەزاران شەھید و قوربانیان لەو شەڕە داوە و دەستخۆشیشی کردووە کە سەرباری بوونی شەڕ و کێشەی گەورە ھاوسەنگی لە حوکمڕانیی کوردستان ڕەچاو کراوە.

مایکل فاڵن، وەزیری بەرگریی بەریتانیا، لە بەشێکی تری نامەکەیدا بۆ بارزانی نووسیویەتی "ئێستا کە ڕیفراندۆم ئەنجام دراوە داواتان لێ دەکەم کە دەست بە گفتوگۆیەکی بنیاتنەرانە بکەن لەگەڵ بەغدا و دراوسێکان تاکو بگەنە چارەسەرێکی گونجاو بۆ ھەموو لایەک و بە شێوەیەکی ڕێک و پێک و ھێمنانە".

وەزیری بەرگریی بەریتانیا، لە کۆتایی نامەکەیدا ھانی سەرۆک بارزانی دەدات کە بەردەوام بن لە شەڕی داعش بە جۆرێک کە ڕێگە نەدرێت دووبەرەکی بکەوێتە نێوان کوردستان و عێراقییەکان لە شەڕی دژی تیرۆر و ناوچە ئازادکراوەکان بە ھێمنی و ئارامی بمێننەوە.











باسنيوز
Top