سلێمانی.. نرخی کارەبای مۆلیدە ئەهلییەکان بۆ مانگی داهاتوو دیاری کرا
پێشنیوەرۆی ئەمڕۆ 2017.9.30، لێژنەی دیاریکردنی نرخی سەعاتی ئیش پێکردنی مۆلیدە ئەھلییەکان، لە کۆبوونەوەی مانگانەی خۆیدا لەسەر بنەمای سەعاتی ئیشکردنی مۆلیدەکان و نرخی گازوایل نرخی سەعاتی ئیشکردنی مۆلیدە ئەھلییەکانی بە 46 چل و شەش دینار بۆ مانگی تشرینی یەکەم دیاری کرد.
سیروان محەمەد، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی، ڕایگەیاند: "بەرنامەی کارپێکردنی مۆلیدە ئەھلییەکان لە مانگی تشرینی یەکەم لە نێوان کاتژمێر 1ی پاش نیوەرۆوە بۆ 1ی شەو دەبێت ھەرکات کارەبای نیشتمانی کوژایەوە کار بە مۆلیدەکان بکەن و نابێت 15 خولەک زیاتر دوا بکەوێت.
دەربارەی نرخی کارەبای مۆلیدە ئەھلییەکان لە مانگی تشرینی یەک و سەعاتی پێدانی کارەبا، سیروان محمد گوتی: نرخی کارەبا لە مانگی تشرینی، کاتژمێرێک ئەمپێری مۆلیدەی ئەھلی بە 46 چل شەش دینارە، کە سەعاتی کارپێکردنی مۆلیدەکان لە گەرەکەکاندا جیاوازە، بەگشتی لەنێوان 250 – 280 کاتژمێرە، واتە نرخی ئەمپێڕێک لە گەرەکێک بۆ گەرەکێکی تر جیاوازە".
باسنیوز
