پەرلەمانی كوردستان بۆ ڕەتكردنەوەی بڕیارەكانی حکوومەتی عێراق كۆ دەبێتەوە

 پەرلەمانی كوردستان بۆ ڕەتكردنەوەی بڕیارەكانی حکوومەتی عێراق كۆ دەبێتەوە
پەرلەمانتارێكی پەرلەمانی كوردستان لەسەر فراكسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕای دەگەیەنێت، ئەمڕۆ پەرلەمانی كوردستان بۆ ڕەتكردنەوەی بڕیارەكانی پەرلەمانی عێراق كۆ دەبێتەوە.



سیراج ئەحمەد، پەرلەمانتاری پەرلەمانی كوردستان لەسەر فراكسیۆنی پارتی ڕاگەیاند: كاتژمێر 11ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە 30 ئەیلوولی 2017 پەرلەمانی كوردستان، بۆ ڕەتكردنەوەی بڕیارەكانی پەرلەمان و حكوومەتی عێراق كۆ دەبێتەوە كە دژی كوردستان دەریان كردووە، چونكە ئەو بڕیارانە سەرجەمیان نایاسایی و ناڕەوان".



ئەو پەرلەمانتارەی پەرلەمانی كوردستان، ئەوەشی خستەڕوو: "لەمیانەی كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆدا ئەنجامی ڕیفراندۆمەكەی 25ی ئەیلوولیش پەسەند دەكرێت، لەگەڵ ئەوەشدا داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و یووئێن دەكەین، لە ئاستی ئەو بڕیارانەی عێراق بەرامبەر هەرێمی كوردستان دەیدات بێدەنگی نەنوێنن، هەڵوێست وەرگرن".



سیراج ئەحمەد، ئاشكراشی كرد: "بە سەرجەم فراكسیۆنەكانی پەرلەمان گوتراوە بەشدار بن لە كۆبوونەوەكەدا، هیوادارن هەریەكە لە گۆڕان و كۆمەڵیش بەشدار بن، چونكە پرسەكە پەیوەندیی بە گەلی كوردستانەوە هەیە".








باسنیوز
Top