پەرلەمانی كوردستان بۆ ڕەتكردنەوەی بڕیارەكانی حکوومەتی عێراق كۆ دەبێتەوە
سیراج ئەحمەد، پەرلەمانتاری پەرلەمانی كوردستان لەسەر فراكسیۆنی پارتی ڕاگەیاند: كاتژمێر 11ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە 30 ئەیلوولی 2017 پەرلەمانی كوردستان، بۆ ڕەتكردنەوەی بڕیارەكانی پەرلەمان و حكوومەتی عێراق كۆ دەبێتەوە كە دژی كوردستان دەریان كردووە، چونكە ئەو بڕیارانە سەرجەمیان نایاسایی و ناڕەوان".
ئەو پەرلەمانتارەی پەرلەمانی كوردستان، ئەوەشی خستەڕوو: "لەمیانەی كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆدا ئەنجامی ڕیفراندۆمەكەی 25ی ئەیلوولیش پەسەند دەكرێت، لەگەڵ ئەوەشدا داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و یووئێن دەكەین، لە ئاستی ئەو بڕیارانەی عێراق بەرامبەر هەرێمی كوردستان دەیدات بێدەنگی نەنوێنن، هەڵوێست وەرگرن".
سیراج ئەحمەد، ئاشكراشی كرد: "بە سەرجەم فراكسیۆنەكانی پەرلەمان گوتراوە بەشدار بن لە كۆبوونەوەكەدا، هیوادارن هەریەكە لە گۆڕان و كۆمەڵیش بەشدار بن، چونكە پرسەكە پەیوەندیی بە گەلی كوردستانەوە هەیە".
باسنیوز
