داوای لێپێچینەوە لە وەزیری دەرەوەی عێراق دەکرێت

 داوای لێپێچینەوە لە وەزیری دەرەوەی عێراق دەکرێت
پەرلەمانتارێک داوای لێپێچینەوە لە وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی دەکات، بەهۆی ئەوەی پارێزگایەکی عەرەبە سوننەکانی بە پارێزگای تیرۆر ناوبردووە.



ئیبراهیم جەعفەر، وەزیری دەرەوەی عێراق لە کۆبوونەوەیەکی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ژماردنی ناوی ئەو پارێزگایانەی بەهۆی داگیرکاریی رێکخراوی تیرۆریستی داعشەوە وێران بوو، ناوی هەموو شوێن و شارەکانی وەک خۆی هێناوە و ”پارێزگای تیرۆر“یشی لە شوێنی پارێزگای ئەنبار بەکار هێناوە.



خەمیس مەحلاوی، پەرلەمانتاری ئەنبار لە پەرلەمانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا، داوای بانگهێشتکردنی ئیبراهیم جەعفەری بۆ لێژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمان و لێپچینەوە لێی، کردووە.



زۆرینەی سەرکردە و هاووڵاتییانی عەرەبی سوننەی عێراق باس لەوە دەکەن، بەرپرسانی باڵای عێراق، کە عەرەبی شیعەن، دژایەتییەکی ئاشکرای سوننەکان دەکەن و توندوتیژیان بەرامبەر بەکار دەهێنن.



لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکیدا، نزیکەی دوو هەزار چەکداری داعش هەرەسیان بە سوپای عێراق هێنا و لەماوەی چەند رۆژێکی کەمدا، نزیکەی نیوەی خاکی عێراقیان داگیر کرد.








باسنيوز
Top