سەرجەم گەشتەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی ڕاگیرا

سەرجەم گەشتەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی ڕاگیرا



ئێوارەی ئەمڕۆ ھەینی، بە بڕیاری حکومەتی بەغدا سەرجەم گەشتەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی ڕاگیرا. بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی ڕایگەیاند بەغدا بە بڕیارێکی سیاسی سەرجەم فڕۆکەخانەکانی ھەرێمی کوردستانی ڕاگرتووە و دواجار خۆشی بەو بڕیارە ڕووبەڕووی زیان و مەترسی دەبێتەوە.


تایەر عەبدوڵا بەڕێوبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "دوای ئەوەی دەسەڵاتدارانی عێراق بڕیاریان دا سەرجەم گەشتە نێودەوڵەتیەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ھەولێر و سلێمانی ڕابگیرێت، دوای ھەوڵێکی زۆر بۆ پەشیمانبوونەوەی ئەو بڕیارەی حکومەتی عێراق، دواجار کاتژمێر ٦ی ئێوارەی ئەمڕۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی، بڕیارەکەی حکومەتی عێراقی خستە بواری جێبەجێکردنەوە و سەرجەم گەشەکانی فڕۆکەخانەی ڕاگرت".


گوتیشی "لە یەکەمین ڕۆژی بەگەڕخستنی فڕۆکەخانەی نێودەڵەتی سلێمانی، تەوەکو ئەم ساتەوەختە پابەندی ھەموو بڕیار و ڕێنمایی و یاسا و ڕێساکانی فڕوکەوانی عێراق بووین، ھەروەھا چەندین جار وەزیری گواستنەوەی عێراق ستایشی فڕۆکەخانەی سلێمانی کردووە، بەڵام لەبری ئەوەی حکومەتی عێراق پاڵپشتی فڕۆکەخانەکانی کوردستان بکات، بەدەرکردنی بڕیارێکی لەو شێوەیە زیانێكی گەورەی دا لە بواری فڕۆکەوانی عێراق کە فڕۆکەخانەکانی ھەرێمی کوردستان، بەشێکی گرنگی ھێڵی گواستنەوەی عێراق بوون".


گوتیشی "بڕیاری داخستنی فڕۆکەخانەکانی کوردستان، بە ھەڵوێستێکی سیاسی دەزانین، کاردانەوە بووە بەرامبەر بە پرسێکی دیاریکراو، بۆیە داواکارین ھەڵوێستەکەی حکومەتی عێراق ھەڵوێستێکی کاتی بێت".


، بەڕێوبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی ڕایگەیاند "بەھۆی داخستنی فرۆکەخانەکانی کوردستانەوە، حكوومەتی عێراق ڕووبەڕووی زیان و مەترسی دەبێتەوە، چونکە ھەردوو فڕۆکەخانەی ھەولێر و سلێمانی، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیین، تەمەنای ئەوە دەکەین حکوومەتی عێراق، پێداچوونەوە بەو بڕیارەیدا بکات".

bas news-
Top