ده‌سته‌ی مافی مرۆڤ: بڕیارەكانی عێراق تاوانی مرۆییە، دنیای لێ ئاگادار ده‌كه‌ینه‌وه‌

ده‌سته‌ی مافی مرۆڤ: بڕیارەكانی عێراق تاوانی مرۆییە، دنیای لێ ئاگادار ده‌كه‌ینه‌وه‌
سەرۆكی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ دەڵێ، لە دژی بڕیارەكانی حكوومەتی عێراق، نووسراوێكیان ئامادە كردووە و بەفەرمی دەیدەن بە نەتەوە یەكگرتووەكان و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی.

(چیا‌و بترس سڵێوا) سەرۆكی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، لە دژی بریارەكانی حكوومەتی عێراق، ئێمە وەكو دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ نووسراوێكمان ئامادە كردووە و بە فەرمی دەیدەین بە نەتەوە یەكگرتووەكان و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی.

به‌ گوێره‌ی لێدوانه‌كه‌ی (سڵێوا)، لە نووسراوەكەدا باسی ئەم خاڵانە ده‌كه‌ن:
''یەكەم: هەموو هاووڵاتییك مافی ئەوەی هەیە دەنگ بدات و چارەنووسی خۆی دیاری بكات، ئەمەش بەپێی پەیماننامەی نێودەوڵەتی بۆ مافە سیاسی و مەدەنییەكان و، بەتایبەت لە ماددەی 12 زۆر بە روونی ئەم باسە خراوەتە ڕوو. عێراقیش ئەم پەیماننامەی مۆر كردووە.
دووەم: ئەو بریارانەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەری كردوون و، ئەو بریارانەی ئەنجوومەنی نوێنەران پەسەندی كردوون، لەگەڵ بنەماكانی مافی مرۆڤ ناگونجێن. زۆریك لە بریارەكان جێگای پرسیارن، بەڵام لە هەمووی سەیرتر ئەو بریارەیە كە باس لە سزادانی ئەو كەسانە دەكات كە لە رۆژی راپرسیدا دەنگیان داوە، ئەمەش سزادانی بەكۆمەڵ و سزادانی گەلە و تاوانی مرۆییە، چونكە نابێت كۆمەڵگا سزا بدرێت. یان دەڵێن ئەو كەسانەی چالاك بوونە و ئەو بەرپسانەی هەڵساون بە ئەنجامدانی ریفراندۆم دەبێ سزا بدرێن، كە ئەمەش هەم دیسان پێچەوانەی بنەماكانی مافی مرۆڤە. ئاخر بەگوێرەی بنەماكانی مافی مرۆڤ هەر هەرێمێك هەندێك مەرجی دیاریكراو بێت (بوونی كولتوور، ناوچەی جوگرافی، زمان،...هتد) دەتوانێ بڕیار له‌ چاره‌نووسی خۆی دیاری بدات.
سێیەم: بەگوێرەی ماددەی 12ـی پەیماننامەی نێودەوڵەتی تایبەت بە مافە سیاسی و مەدەنییەكان، بریاری داخستنی فرۆكەخانەكانی هەرێم تەواو نایاساییە و پێچەوانەی هەموو یاسایێكی مرۆییە. ئاخر خۆ هەر لە ماددەی 12ـدا هاتووە هەر هاووڵاتیێك ئازادە بە گواستنەوەی شوێنەكەی، وڵات بەجێ بهێڵێت یان بۆی بگەرێتەوە.
چوارەم: ئێمە وەكو دەستەی سەربەخۆی مافەكانی مرۆڤ، ئەو بریارانەی بەغدا كە لە دژی هەرێم داویەتی، بە نایاسایی دەزانین و دەبێ جیهانی لێ ئاگادار بكەینەوە. دەبێ دادگای فیدرالی و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بینە سەرخەت و ئەو بڕیارانەی كە عێراق بۆ سزادانی گەل دەیدات بیوەستێنن.''
kdp-
Top