نووسەری تورک: سیاسەتەکانی مالیکی وای کرد کوردستان لە عێراق جیا بێتەوە
نووسەرێکی ناوداری تورکیا، لە وتارێکیدا، ئاماژە بەوە دەدات کە ئەوەی وای کرد، کوردستان ریفراندۆمی سەربەخۆیی ئەنجام بدات، سیاسەتەکانی مالیکی بوو.
ئاردان زەنتورک، نووسەری ناوداری تورکیا، ئەمڕۆ پێنجشەممە 28/9/2017، لە رۆژنامەی ستاری تورکیا، لە وتارێکیدا نووسیویەتی: "ئەوەی وای کرد کە ریفراندۆم لە کوردستان بکرێت، نووری مالیکی و سیاسەتە ھەڵەکانی حکوومەتی عێراق بوو".
وتارەکەی ئەو نووسەرە تورکە، بەناوی (ئەوەی عێراقی پارچە کرد، بارزانی نییە، بەڵکو نووری مالیکییە)، تێدا باسی لەوە کردووە کە چۆن سیاسەتە خراپ و ھەڵەکانی مالیکی، وای کردووە کە کوردستان، بیر لە سەرەبەخۆیی بکاتەوە.
زەنتورک، ئەوەشی خستووەتەڕوو: "نووری مالیکی، ئەو کاتەی سەرۆک وەزیران بوو لە ساڵی 2016 بۆ 2014، ویستی ھێرشی سەربازی بکاتە سەر کوردستان، ئارامی و پەیوەندی نێوان ھەولێر و بەغدای بەرەو خراپی برد، جگە لەوەش وای کرد بێ متمانەیی لە نێوان دروست بێت و دژی عەرەبە سوننەکانیش چەندین بڕیاری دەرکرد، چەندین رێبەری سوننەی دەستگیر کرد".
ئەو نووسەری رۆژنامی ستاری تورکی، ئەوەش روون کردووەتەوە، لە ساڵی 2014 ئەو قەیرانانەی مالیکی دروستی کردبوون، گەیشتە لوتکە، بەتایبەتی بەرامبەر کوردەکان و سوننەکان، دواتر بە فشاری ئەمریکا وازی لە دەستەڵات ھێنا".
bas news-
