میدیاکانی رووسیا: ریفراندۆمی ھەرێمی کوردستان سوودی بۆ رووسیا دەبێت

میدیاکانی رووسیا: ریفراندۆمی ھەرێمی کوردستان سوودی بۆ رووسیا دەبێت


بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەرۆکی رووسیا بە سەردانێکی فەرمی بگاتە تورکیا، لەگەڵ سەرۆک کۆماری تورکیا کۆ ببێتەوە.



بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 28/9/2017 ڤلادمیر پۆتین، سەرۆکی رووسیا بە سەردانێکی فەرمی بگاتە تورکیا و لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆک کۆماری تورکیا کۆ ببێتەوە، تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکە باسکردنی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی ھەرێمی کوردستان و رێککەوتنی ئەو دوو وڵاتەیە لەسەر دانانی مووشەکی ئێس 400 بۆ تورکیا، ھەروەھا رزگارکردنی ئیدلیبە.


رۆژنامەی (مۆسکوڤ سکای کۆمسۆمۆلەیت)ـی رووسی، کە رۆژنامەیەکی رۆژانەیە بڵاوی کردووەتەوە: "ئەگەر رووسیا دژی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی ھەرێمی کوردستان بوەستێتەوە شتێکی زۆر سەیر دەبێت"
.
رۆژنامەکە، ریفراندۆمی (کرم) بە بیر رووسیا ھێناوەتەوە، کە لە 2014 لەسەر داوای رووسیا ریفراندۆمیان ئەنجام دا، بەوەی دێنەوە سەر رووسیا یان ھەر ھەرێمێکی سەربەخۆ دەبن سەر بە ئۆکراینا، ئەنجام زیاتر لە 80% ھاووڵاتیان داوایان کرد بێنەوە سەر رووسیا و ئێستا ھاتوەتەوە سەر رووسیا، بۆیە پێی وایە کارێکی سەیر دەبێت رووسیا دژی ئەم ھەنگاوەی ھەرێمی کوردستان بوەستێتەوە.



ھەروەھا ئاماژەی بە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی پۆتین و ئەردۆگان داوە، نووسیویەتی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی ھەرێمی کوردستان سوودی بۆ رووسیا دەبێت، بۆیە لەگەڵ ئەردۆگاندا ئەو پرسە بە جیدی باسی لێوە دەکرێت.



باسی لەوەیش کردوە کە ریفراندۆمی ھەرێمی کوردستان بە ھیچ شێوەیەک ناوچەکە بەرەو شەڕێکی قورس نابات و نابێتە مەترسی بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ، ھەروەھا تورکیایش ناتوانێت سزای ئابووریان بەسەردا بسەپێنێت، چونکە تورکیا ئێستا ئەو ئامادەییەی تێدا نییە.



لە بەشێکی تری راپۆرتەکەدا ھاتووە، تورکیا تەنیا لەرووی راگەیاندنەوە باس لە سزای ئابووری بەسەر ھەرێمی کوردستاندا دەکات، بە پراکتیک ناتوانێت، چونکە ئەوکات زیانێکی ئابووری زۆر گەورە بەر تورکیا دەکەوێت.
bas news-
Top