شەممەی دابێ پەرلەمان ئەنجامی ڕیفراندۆم پەسەند دەکات..وەڵامێکیشی بۆ بەغدا دەبێت

شەممەی دابێ پەرلەمان ئەنجامی ڕیفراندۆم پەسەند دەکات..وەڵامێکیشی بۆ بەغدا دەبێت
ئەمڕۆ دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان لەگەڵ سەرۆکفراکسیۆنەکان کۆ بووەوە و تێیدا بڕیار درا ڕۆژی شەممە بە ئامادەبوونی حکوومەت کۆ ببنەوە و تێیدا وەڵامی بڕیارە نادەستوورییەکانی پەرلەمانی عێراق بدەنەوە.

دوێنێ پەرلەمانی عێراق بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیرانی عێراق، (عەبادی)، کۆ بووەوە و ١٠ بڕیاریان لە دژی هەرێمی کوردستان دەرچوواند، کە ئەو بڕیارانە بریتی بوون لە داخستنی هێڵی ئاسمانی و دەروازەکان و لەشکرکێشی و چەندانی دیکە. پێشوەختە شارەزایانی سیاسی لە هەرێمی کوردستان گوتیان، هەرێم پەرلەمانی خۆی هەیە و ئەگەر پەرلەمانی کوردستان ڕەتی ئەو بڕیارانە بداتەوە، ئەوا جێبەجێکردنیان لە هەرێمی کوردستان یاسایی نابێت.

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستانیش لە پەرلەمانی کوردستان، دەڵێت، شەممەی دابێ، پەرلەمانی کوردستان کۆ دەبێتەوە و وەڵامی پەرلەمانی عێراق دەداتەوە.

(ئومێد خۆشناو) ئەم لێدوانەی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی لە کاتێکدا دا، کە ئەمڕۆ لە پەرلەمانی کوردستان دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان لەگەڵ فراکسیۆنەکان کۆ بوونەوە و ڕۆژی شەممەیان بەفەرمی داناوە تا پەرلەمان وەڵامێکی یاسایی و باشی بۆ پەرلەمانی عێراق هەبێت.

(ئومێد خۆشناو) دەڵێت، پەرلەمان وەڵامی خاڵ بە خاڵی پەرلەمانی عێراق دەداتەوە و هەر شەممەیش پەرلەمان ئەنجامی ڕیفراندۆمی کوردستان پەسەند دەکات، کە زیاتر لە ٩٢%ی خەڵکی کوردستان بە ناوچە کوردستانییەکانەوە، دەنگیان بەڵێ بۆ سەربەخۆییی کوردستان بوو.
kdp-
Top