پسپۆرێکی یاسایی دەستووری: پەرلەمانی عێراق وەک ڕژێمی بەعس بڕیار دەدات
(ڕێنجبەر شیخۆ)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''ئەگەر بەغدا دەسەڵاتی هەبووایە، هیچ شتێکی لەوە کەمتر نەدەکرد، کە بەعس بەرامبەر بە کورد کردی، چ لە هێرشە ئاسمانی و سەربازییەکان و چ لە ئەنفالیش، دەبێ ئێمە هەموو شتێک لەوان چاوەڕوان بکەین، ئەوەی حکوومەتی بەغدار توانی بیکات، کردوویەتی.''
لەو باوەڕەیشدایە کە ئەو گوشار و هەڕەشانەی پەرلەمانی عێراق لەسەر کورد دەیانکات، بە پۆزەتیڤانە بۆ کورد دەگەڕێنەوە و دەبنە بەڵگە کە ئەو ئەقڵییەتەی چەندین ساڵە ئێمە مامەڵە دەکەین، بەم شێوازەیە.
لە (٢٦-٩-٢٠١٧)دا (مەسعوود بارزانی)، سەرۆکی هەرێمی کوردستان له پهیامێكی ڤیدیۆییدا ڕایگەیاند، ئەوەی لە 25ی ئەیلوول گەلی کوردستان بڕیاری لەسەر دا، کە دەنگی "بەڵێ" بوو بۆ سەربەخۆیی، تاوان نییە و دژی دەستووری عێراقیش نییە، بۆیە لە 25ی ئەیلوولەوە کوردستان چووەتە قۆناخێکی نوێ و مافی خۆمانە بڕیاری خۆمان بدەین و لە پەیامێکدا بۆ بەغدای دیاری کرد، لەبری هەرەشە و سزا، وەرن با گفتوگۆی جددی بکەین.
ڕۆژی چوارشەممە، دانیشتنى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق بە بەشداریی (حەیدەر عەبادى) و وەزیرانى ناوخۆ و بەرگرى و نەوت بەڕێوەچوو، تێیدا پەرلەمان، بڕیارێکی (13) خاڵیی سەبارەت بە ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان و ڕێوشوێنەکانی بەغدا دژی هەرێم پەسەند کرد، پەیوەست بەم پرسەش ئەم مامۆستایەی زانکۆ گوتی: ''بۆ جیهان دیار دەبێت، ئەوان زمانی گفتوگۆ ڕەت دکەنەوە، لە جیاتی گفتووگۆی جددی لەسەر پرسە هەڵواسراوەکان، هەڕەشە و زمانی هەمان ئەقڵییەتی ڕژێمی پێشووری عیراق بەکار دەهێنن.''
(رێنجبەر شیخۆ) دەڵێت: ''ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان نەک خواستی ئایینێک، یان نەتەوەیەک بە تەنیا بێت، بەڵکو هەموو ئایین و نەتەوە جیاجیاکان لە کوردستان دەنگیان بۆی داوە و ئەمە خواستی کوردستانییەکانە، بەڵام عێراق ڕێز لە بڕیاری هەموو ئەمانە ناگرێت.''
ئەم مامۆستایەی زانکۆ گوتی: ''بە دڵنیاییەوە ئەو هەوڵانەی حکوومەتی عێراق سەرناگرێت و هەمووی ئەو هەوڵانەوە فەشەل دەهێنن، چونکە کوردستان بە پێی هەموو پێوەرە نێودەوڵەتییەکان چارەنووسی خۆی دیاری کردووە، ئێمە بەندەکانی دەستووری عێراق و یاساکانی نێودەوڵەتیمان جیبەجێ کردووە، ئەگەر ئەو گوشار و هەڕەشە بکات لەسەر ئەم یاسایە، کەواتە حکوومەتی بەغدا یاسا و دەستوور پێشێل دەکات.''
(ڕێنجبەر شێخۆ)، دەڵێ بە هەڕەشەکانی بەغدا و بە تایبەت لێدوانەکانی (عەبادی)دا دیارە ئەوان تەنازولیشیان کردووە، چونکە پێشتر بەبێ هیچ ئەلتەرناتیڤێک ڕیفراندۆمیان ڕەت کردەوە، بەڵام ئەم جارە بە ئەلتارناتیڤی کۆنفیدرالی هاتووە، بەڵام ناکرێت ئێمە ئیرادەی خۆمان ڕادەستی ئەوان بکەین، چونکە بە هێزی ئیرادەمان توانیومانە هەڵوێستی جڤاکی نێودەڵەتی بگۆڕین.''
kdp-
