شارەزایان؛ کۆمەڵگەی دەولی وەڵامی بۆ سزاکانی بەغدا دەبێ

 	 شارەزایان؛ کۆمەڵگەی دەولی وەڵامی بۆ سزاکانی بەغدا دەبێ
شارەزایان دەڵێن، لە ئێستادا بەغدا پەرلەمانی عێراقی کردووەتە بارەگایەکی حزبی و بۆ سزادانی خەڵکی کوردستان بەکاری دێنێ دەشڵێن، کۆمەڵگەی دەولی وەڵامی بۆ سزاکانی بەغدا دەبێ.

دوێنێ پەرلەمانی عێراق بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیرانی عێراق، بە بڕیارێکی سیاسییەوە چەند سزایەکی بۆسەر هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکان دەرچوواند، کە زۆری ئەو سزایانە بەگوێرەی چاودێرانی سیاسی تاوانی جەنگن و لە ئەگەری جێبەجێکردنیاندا وەڵامی تووندی کۆمەڵگەی دەولی بەدواوە دێ، ئەگەرچی بەغدای دوای ٢٠٠٣ یەکەمجاری نییە کە دژایەتیی هەرێمی کوردستان دەکات، بەڵام لە ئێستادا تەواو گەیشتوون بە لوتکەی دژایەتیکردن و پێشێلکردنی تەواوی دەستووری عێراق، تەنیا لەبەر ئەوەی کە گەلی کوردستان بە رێژی ٩٢% زیاتر دەنگی بۆ سەربەخۆیی دا.

لە وەڵامدا حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ بە بەڵگەی یاسایی بڕیارەکانی پەرلەمانی عێراقی رەتکردەوە و تەواوی بڕیارەکانی بە نادەستووری و یاسایی زانی، داوایشی لە پەرلەمانی کوردستان کرد بە زوویی کۆببێتەوە و بڕیاریان لەبارەوە بدات.

راوێژکاری پەرلەمانی کوردستان (د.مەدحەت سلێمان) دەڵێ، هەڵبەت دەمێکە پەرلەمانی عێراق بڕیاری تاکلایەنەی خۆی لەسەر بنەمای تائیفی داوە، لە زۆر بڕیاریشدا کە پێوەندی بە دژایەتیی هەرێمی کوردستانەوەبێ ئەوا پەرلەمانتارانی هەردوو مەزهەبی سوونی و شیعە پێکەوە هاوڕابوونە و بڕیاریان لێ داوە، پەرلەمانی عێراق رۆڵی خۆی لە دانانی یاسا و چاودێریکردن لە دەستداوە و بووەتە پەرلەمانێک بە هەمان ئەقڵیەتی رژێمی پێشووی عێراق بڕیار دەدات و بووەتە بارەگایەکی حزبی و هیچی دی.

لای خۆیشییەوە (کەریم بەحری) شارەزایی یاسایی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دەڵێ، سەردەمی ئەوە بەسەرچوو کە عێراق بتوانێ سزای ئابووری هەموو خەڵکی کوردستان بدات، ئێستا کۆمەڵگەی دەولی و وڵاتانی زلهێز لە ناوچەکەدا بوونیان هەیە و چاودێرن، بەو سزایانەی بەغدا رازی نابن کە بەغدا سزای ئابووری هەرێم بدات، هەڵبەت ئەو سزادانەی بەغدایش کە ئێستا بڕیاری لەبارەوە داون لەڕووی دەستووری و یاساییەوە هیچ بنەمایەکی نییە.

دەشڵێ، ئەوانەی لە بەغدا حوکم دەکەن و بڕیاری وا بەسەر گەلی کوردستاندا دەردەچووێنن، هیچ جیاوازییەکان لەگەڵ رژێمەکانی پێشووی عێراقدا نییە.

kdp-
Top