کوێت پابەندی بڕیارە سیاسییەکانی عێراق لەبەرامبەر کوردستاندا نابێت

 کوێت پابەندی بڕیارە سیاسییەکانی عێراق لەبەرامبەر کوردستاندا نابێت
جێگری وەزیری دەرەوەی کوێت، رای دەگەیەنێت کە وڵاتەکەی ھیچ رێوشوێنێک لە دژی ھەرێمی کوردستان ناگرێتەبەر.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 28/9/2017، خالید جارەلڵا، جێگری وەزیری دەرەوەی کوێت، بە میدیاکانی راگەیاند: "وڵاتەکەی ھیچ رێوشوێنێک لە دژی ھەرێمی کوردستان ناگرێتەبەر، ھاوکات داوای لە بەرپرسانی ھەولێر و بەغدا کرد بە گفتوگۆ کێشەکان چارەسەر بکەن".

ئەگەرچی جێگری وەزیری دەرەوەی کوێت، پشتیوانی لە عێراقێکی یەکگرتوو کرد، بەڵام وەک جەختی کردەوە، ھیچ پابەند نابن بە بڕیارەکانی ئەنجومەنی نوێنەران و حکوومەتی عێراق، دژ بە ھەرێمی کوردستان.

دوای ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی ھەرێمی کوردستان، لە دووشەمەی رابردوو 25/9/2017، وڵاتانی وەک ئێران و تورکیا، کاردانەوەیان دژ بەو پرۆسەیە ھەبوو، بەڵام بە بە پێچەوانەوە، وڵاتانی کەنداو، ھیچ کاردانەوەیەکیان نەبووە.










باسنيوز
Top