کوێت پابەندی بڕیارە سیاسییەکانی عێراق لەبەرامبەر کوردستاندا نابێت
ئەمڕۆ پێنجشەممە 28/9/2017، خالید جارەلڵا، جێگری وەزیری دەرەوەی کوێت، بە میدیاکانی راگەیاند: "وڵاتەکەی ھیچ رێوشوێنێک لە دژی ھەرێمی کوردستان ناگرێتەبەر، ھاوکات داوای لە بەرپرسانی ھەولێر و بەغدا کرد بە گفتوگۆ کێشەکان چارەسەر بکەن".
ئەگەرچی جێگری وەزیری دەرەوەی کوێت، پشتیوانی لە عێراقێکی یەکگرتوو کرد، بەڵام وەک جەختی کردەوە، ھیچ پابەند نابن بە بڕیارەکانی ئەنجومەنی نوێنەران و حکوومەتی عێراق، دژ بە ھەرێمی کوردستان.
دوای ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی ھەرێمی کوردستان، لە دووشەمەی رابردوو 25/9/2017، وڵاتانی وەک ئێران و تورکیا، کاردانەوەیان دژ بەو پرۆسەیە ھەبوو، بەڵام بە بە پێچەوانەوە، وڵاتانی کەنداو، ھیچ کاردانەوەیەکیان نەبووە.
باسنيوز
