لە سۆران مامۆستایانی ئایینیی موسڵمان و مەسیحی گردبوونەوەیەكیان ساز كرد

لە سۆران مامۆستایانی ئایینیی موسڵمان و مەسیحی گردبوونەوەیەكیان ساز كرد
بەمەبەستی ناڕەزایی دەربڕین لە بەرامبەر بڕیار و ڕێكارەكانی پەرلەمانی عێراق لەدژی هەرێمی كوردستان، بەرێوەبەرایەتی ئەوقاقی سۆران بە ئامادەبوونی مامۆستایانی ئایینی و كەسایەتییەكانی موسڵمان و مەسیحی گردبوونەوەیەكی ساز كرد.

وەیسی سەعید وەیسی، بەڕێوەبەری ئەوقافی سۆران، رایگەیاند، ئەمڕۆ پێنجشەممە 28-9-2017 وێڕای پیرۆزبایی كردنمان لە خەڵكی كوردستان و بنەماڵەی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان و سەرۆک بارزانی، بە بۆنەی سەركەوتنی پرۆسەی ریفراندۆم كە ئیرادەی خەڵكی كوردستانی دەرخست، كە نایانەوێت چیتر ژێر دەستبن، هەروەها رۆلی مامۆستایانی ئایینی بەرز دەنرخێنین، لەسەر خستنی پرۆسەی ریفراندۆم، لە هەمانكاتیشدا بە توندی ئیدانەی كۆكۆبوونەوەكەی 27ی ئەیلوولی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەكەین، كە سەرجەم بڕیار و ڕێكارەكانی پێچەوانەی یاسا و دەستووری عێراقی بوون و هیچ نرخێكی یاساییان نییە، تەنیا مەبەستیان جەنگێكی دەروونییە لەگەڵ خەڵكی كوردستان".

بەڕێوەبەری ئەوقافی سۆران، داوای لە سەرانی حكوومەتی عێراق كرد: "كە بە بڕیار و رێكارەكانیاندا بچنەوە و رێز لە خواستی ڕەوای گەلی كوردستان بگرن و هەوڵ بدەن وەك دوو دراوسێ چارەسەری كێشەكانیان بكەن، هەروەها لەم گردبوونەوەدا داواشمان لە وڵاتانی جیهان كرد كە رێز لە ئیرادەی بەرز و بەهێزی گەلی كوردستان بگرن، تا وەك گەلانی دونیا گەلی كوردستانیش ببێتە خاوەن دەوڵەت".

لە بەشێكی تری پەیامەكەماندا زانا و مامۆستایانی ئایینی داوایان لە حزب و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان كرد. لە ئاستی هەستیاریی قۆناغەكەدا بن لە چوارچێوەێكی نیشتمانیدا بۆ ئەوەی هەموان بەیەكەوە و یەکڕێز هەنگاو بۆ چەسپاندنی بنەما گرنگەكانی كۆماری كوردستان هەڵبگرین".











باسنیوز
Top