پەروەردەی سلێمانی: هه‌فته‌ى داهاتوو یەکەمین زەنگی خوێندن لەسەرجەم قوتابخانەکان لێدەدرێت

پەروەردەی سلێمانی: هه‌فته‌ى داهاتوو یەکەمین زەنگی خوێندن لەسەرجەم قوتابخانەکان لێدەدرێت

بەڕێوبەری گشتیی پەروەردەى سلێمانی، ڕای ده‌گەیه‌نێت، ڕۆژی دووشەممەى داهاتوو 2/ 10/ 2017 یەکەمین زەنگی پرۆسەی خوێندنى ئه‌مساڵ، لەسەرجەم قوتابخانەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی و دەوروبەری لێدەدرێت.



دڵشاد عەبدولڕەحمان، بەڕێوبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی، لەکۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانێدا ڕایگەیاند: "ئێوارەی ئەمڕۆ لەگەڵ لقی سلێمانی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان کۆبووینەوە، دواجار بڕیارماندا ڕۆژی دووشەممەى داهاتوو پڕۆسەی خوێندن لەسەرجەم قوتابخانەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی و دەوروبەری دەست پێبکاتەوە".


هه‌روه‌ها گوتیشی: "ھەوڵی ئەوە دەدەین کێشەی مامۆستایانی سنووری پارێزگای سلێمانی چارەسەر بکرێت، ھەروەھا لەگەڵ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ھەماھەنگی ئەوەمان کردووە، کێشەی مووچەی مامۆستایان چارەسەر بکرێت".


بەڕێوبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی، لە وەڵامی پرسیارێكی پەیامنێر له‌باره‌ى جلوبەرگی قوتابیانه‌وه‌، ڕایگەیاند: "بەڕێوبەری ھیچ قوتابخانەیەک مافی ئەوەی نیە فشار بۆ قوتابیان دروست بکات، بۆ ئەوەی لە کۆمپانیایەکی دیاریکراو جلوبەرگی قوتابخانە بکڕێت و کەسوکاری قوتابیانمان ئازاد کردووە، لەنێو بازاڕەکاندا جلوبەرگ بۆ منداڵه‌كانیان بكڕن".


ئاماژەی بەوەشکرد، كه‌ پارێزگای سلێمانی کێشەی کەمی قوتابخانەی ھەیە، بۆ ئەو مەبەستەش داوای دروستكردنى 200 قوتابخانەیان کردووە، بەڵام بەھۆی قەیرانی داراییەوە تائێستا وەزارەتی پەروەردە ھیچ ھەنگاوێکی نەناوە بۆ ئەوەی قوتابخانەی زیاتر دروست بکرێت.


جه‌ختیشی كرده‌وه‌، كه‌ بەھاوکاری مامۆستایانی دڵسۆز ئەمساڵ پڕۆسەی خوێندن بایکۆت ناکرێت: "بەڵام پێویستە حکوومەت به‌جدی ئاوڕ لە ژیانی مامۆستایان بداتەوە".
bas news-
Top