جەماوەری سۆران ئاهەنگی سەربەخۆیی دەگێڕن

جەماوەری سۆران ئاهەنگی سەربەخۆیی دەگێڕن
ڕاگەیاندنی ئەنجامی ڕیفراندۆمی سەربەخۆییی كوردستان لە لایەن كۆمیسیۆنەوە، كە 92.73% هاووڵاتییان بە بەڵێ دەنگیان داوە، خەڵكی شار و شارۆچكەكانی كوردستانی خۆشحاڵ كردووە، هاووڵاتییانی شارۆچكەكانی سۆران، مێرگەسۆر، چۆمان و ڕواندز ڕژانە سەر شەقامەكان و دڵخۆشیی خۆیان بەو ئەنجامە ڕاگەیاند.

(قاسم محەمەد)، خەڵكی سۆران بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی دیار كرد: ''بەو ئەنجامەی لە لایەن كۆمیسیۆنەوە ڕاگەیاندرا، زۆر خۆشحاڵ بووینە و هەموومان ڕژاوینەتە سەر شەقامەكان و خۆشیی خۆمان دەردەبڕین، داواش لە هەموو خەڵك دەكەین، ئەوەی بە بەڵێ دەنگی داوە و ئەنجامەكەی وەرگرتووە، بڕژێنە سەر شەقامەكان و خۆشی دەرببڕێت.''

(هۆزان خورشید)، ئافرەتێكی مێرگەسۆرە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: ''ئێمە گوێ بە قسەكانی پەرلەمانی عێراق و (عەبادی) نادەین، هەرچی دەكەن با بیكەن، چونكە 100 ساڵە ئێمە دەكوژن و ئەنفال و كیمیابارانمان دەكەن، بەوانە نەترساوین، چۆ بە هەڕەشەكان و داخستنی فڕۆكەخانەكان دەترسین، بۆیە داوا لە هەموو خەڵك دەكەین، لەو ڕۆژە مێژوویییەدا خۆشی دەرببڕن، چونكە سەرەتای ژیانێكی نوێمانە بەبێ عێراق.''

(موسلیح خدر) لە شارۆچكەی ڕواندز بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی دیار كرد: ''لەو كاتەوەی بە بەڵێ دەنگمان دا، دڵنیا بووم لەوەی كە ئەنجامی ڕاپرسییەكە بە بەڵێ دەبێت، چونكە سەردانی هەر بنكەیەكت كردبایە خەڵك نۆرەیان گرتبوو بۆ ئەوەی بە بەڵێ دەنگ بدەن، ئێستاش كە ئەنجامەكە ڕاگەیاندرا، زۆر خۆشحاڵین و هەموومان هاتووینەتە دەرەوە و وا هەست دەكەین ئێستا لەدایك بووینە.''

) نەوزاد ڕەشید)، هاووڵاتییەكی شارۆچكەی چۆمانە بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی دركاند: ''وا هەست دەكەم ئێستا لەدایك بوومە، گوێ بە هەڕەشەكان نادەین، ئێمە 100 ساڵە خۆزگە بە ڕۆژێكی وا دەخوازین، بۆیە ئێستا مافی خۆمانە خۆشی دەرببڕین، كە ئەوە بەرهەمی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكانە، داواش لە سەرۆكی كوردستان دەكەین هەرچی زووە دەوڵەت ڕابگەینێت، بۆ ئەوەی لە عێراقی خراببوو ڕزگار بین.''
kdp-
Top