سەرکردەیەکی پارتی: عەبادی ھەنگاوەکانی دەوڵەتی کوردستان خێراتر دەکات

 سەرکردەیەکی پارتی: عەبادی ھەنگاوەکانی دەوڵەتی کوردستان خێراتر دەکات
ئەندامێکی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئاماژە بەوە دەدات کە ھەڕەشەکانی حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە دژی کوردستان وادەکات خەڵکی کوردستان سوورتر بێت لەسەر دروستکردنی دەوڵەتی کوردستان.

نەجات حەسەن، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان، رایگەیاند: "بڕیار و کاردانەوەکانی عەبادی زۆر سەیر بوون، لە ئەنجامی بێ دەسەڵاتی و نەزانینی خۆیەوە، خەریکە عێراق بەرەو ھەڵدێر دەبات، دواتر ئەم بڕیارەی عێراق تەواو بۆ خەڵکی کوردستانی ڕوون کردەوە کە ئێمە چەند ساڵە لەگەڵ ئەم عەقڵیەتە ژیاوین، بەڵام دڵنیای ھەموو لایەک دەکەینەوە کە ھەموو جیھان لەگەڵ سەربەخۆی کوردستانە".

ئەو سەرکردەیەی پارتی، ئەوەشی خستە روو کە رەنگە لە داھاتووشدا شێوەی مامەڵەی نوێ لەگەڵ ھەموو جیھان دەست پێ بکات و بەھەموو لایەکەوە کاردەکەین بۆ ئەوەی ببینە وڵاتێکی ئارام بۆ ناوچەکە و ببینە نمونەی پێکەوە ژیان.

ئەوەشی روون کردەوە: "دوای ھێوربوونەوەی بەغدا کار لەسەر ئەوە دەکەین کە چۆن تێیان گەیەنین کە ئێمە لە کوردستانەوە سەردانی وڵاتێکی دراوسێیمان وەک عێراق کردووە".








باسنیوز
Top