دیالە.. ئەفسەرێكی پۆلیسی عەرەب لەسەر دەنگدان بە سەربەخۆیی كوردستان دەستگیر كرا

 دیالە.. ئەفسەرێكی پۆلیسی عەرەب لەسەر دەنگدان بە سەربەخۆیی كوردستان دەستگیر كرا
بەهۆی دەنگدان بۆ سەربەخۆیی كوردستان، ئەفسەرێكی پۆلیسی دانیشتووی شارەدێی گوڵاڵە، لەكاتی ڕۆیشتنەوەی بۆ دەوام لە پارێزگای دیالە دەستگیر كرا و بەڕێوەبەری شارەدێیەكەش ڕای دەگەیەنێت خانەوادەی كارمەندەكە خاوەنی 13 شەهیدن لەپێناوی كوردستاندا.

یەعقووب یووسف مەلا عەلی بەڕێوەبەری شارەدێی گوڵاڵە، ڕایگەیاند: "دوێنێ 26/9/2017 ئەفسەرێكی پۆلیسی دانیشتووی شارەدێی گوڵاڵە، لە كاتی گەڕانەوەیدا بۆ دەوامی ئاسایی خۆی لە پۆلیسی دیالە، بەهۆی دەنگدانی بە سەربەخۆیی كوردستان دەستگیر كراوە".

گوتیشی: "ئەفسەرەكە ناوی (غەسان شاتی)یە و پلەی ڕائیدە و سەر بە هۆزی (كروی)یە، بنەماڵەکەی لەپێناو كوردستاندا خاوەنی 13 شەهیدن".

ئاماژەی بەوەش دا: "ناوبراو تا ئێستا ئازاد نەكراوە و ئەگەری ئەوەش هەیە بە تۆمەتی هاندانی خەڵك بۆ دەنگدان بە سەربەخۆیی كوردستان سزا بدرێت".

ڕێکەوتی 25/9/2017 پرۆسەی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان لە هەرێمی كوردستان و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بەڕێوە چوو.










باسنیوز
Top