سەعدی پیرە: دەنگۆی داخستنی سنوور و خراپبوونی دۆخەکە پروپاگەندەیە
سەعدی پیرە، گوتەبێژی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە پرێس کۆنفرانسێکدا لەگەڵ مستەفا ئۆزچەلیک، سەرۆکی گشتیی پارتی ئازادیی باکووری کوردستان (پاک)، رایگەیاند، سەرکرەکانی عێراق لێدوانە میدیاییەکانیان دژی کوردستان تەنیا بۆ کۆ کردنەوەی دەنگی هاووڵاتییانیانە، چونکە عێراق هەڵبژاردنی لەپێشە.
سەعدی پیرە پێی وایە پێویستە سەرکرایەتیی سیاسیی کوردستان گفتوگۆ لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بکات و بۆیان روون بکاتەوە، کە کوردستانی سەربەخۆ نابێتە مایەی هەڕەشە بۆیان.
گوتەبێژی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی رەتی کردەوە وڵاتانی دراوسێ هیچ سنوورێکیان بە رووی کوردستان داخستبێت و رایگەیاند، باسی سنوور داخستن ”راست نییە و پرۆپاگەندەیە“.
سەعدی پیرە ئاماژەی ەبوەش کرد، کە ئەو پەرلەمانتارانەی عێراق، کە لێدوان دژی کوردستان و بەرپرسە کوردەکانی عێراق دەدەن، پێشێلی ماددەی 7ـی دەستووری هەمیشەیی عێراقیان کردووە و ئاسایشی کۆمەڵایەتییان خستووەتە مەترسییەوە و ”دەبێ دادگایی بکرێن“.
پیرە بە ئاماژەکردن بەوەی وڵاتانی رۆژئاوا ”چەند سەد راهێنەرێکیان بۆ هاوکاریکردنی پێشمەرگە ناتدووە“، رایگەیاند، ”چەند سەد داعشێکی ئەو وڵاتانەش لە دژی پێشمەرگە شەڕ دەکەن و “با بێن لانی کەم داعشەکانیان ببەنەوە“.
گوتەبێژی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی ئەنجامدانی ریفراندۆم و سەربەخۆبوونی کوردستان بە مافی گەلی کوردستان دەزانێت، کە 100 ساڵە چاوەڕێی سەربەخۆیی دەکات و ”ئەگەر ئەمڕۆ کاتی نەبێ، کەی کاتییەتی؟“.
لەبارەی هەوڵی ژمارەیەک بەرپرسی عێراق بۆ دوورخستنەوەی فوئاد مەعسوم، سەرۆک کۆماری عێراق، سەعدی پیرە رایگەیاند، ”سەرۆک کۆمار کەس خێری پێ نەکردووە، خاوەنی خەباتی خۆیەتی و پۆستەکەی لە ئەنجامی ڕیککەوتنێک پێی دراوە، کە ھێشتا ھەڵنەوەشاوەتەوە، ئەو هەوڵانەی پەرلەمانی عێراق زیاد لە پێویست قەباحەتە“.
رۆژی دووشەممە 25/9/2017، گەلی کوردستان ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانی ئەنجام دا و بەپێی ئامارە سەرەتاییە نافەرمییەکان، زۆرینەی دەنگدەران داوای سەربەخۆیی کوردستانیان کردووە.
باسنيوز
