سیاسەتمەدارێکی عەرەب: دەوڵەتی عێراق بەرامبەر کوردستان تووشی داڕمانی تەواوەتیی دەبێ
نەدیم جابری، پەرلەمانتاری پێشووی عێراق بە میدیا عێراقییەکانی راگەیاندووە، پێویستە حکوومەتی عێراق پابەند بێ بە دانوستاندن لەگەڵ ھەرێمی کوردستان و ”رێگا بۆ دەستوەردانی وڵاتانی ناوچەکە نەکاتەوە“ سەبارەت بە ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان.
نەدیم جابری ھۆشداریی داوەتە حکوومەتی وڵاتەکەی لە بەکارھێنانی ھێز دژی گەل و حکوومەتی کوردستان و رایگەیاندووە، ھەر ھێرشێکی سەربازی بۆ سەر کوردستان دەبێتە ھۆی ”وێرانبوونی ژێرخانی دارایی عێراق و داڕمانی دەوڵەتی عێراق بە تەواوەتی“.
سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان چەندین جار ڕایگەیاندووە، کە کوردستان نابێتە مایەی ھەڕەشە بۆ ھیچ وڵاتێک و ئامادەیە دانوستاندن لەبارەی سەربەخۆیی لەگەڵ عێراق و وڵاتانی دراوسێ بکات، بەڵام حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق زیاتر لە جارێک ئەنجامدانی گفتوگۆی لەگەڵ کوردستان رەت کردووەتەوە.
رۆژی دووشەممە ٢٥/٩/٢٠١٧، گەلی کوردستان ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانی ئەنجام دا و بەپێی ئامارە سەرەتاییە نافەرمییەکان، زۆرینەی دەنگدەران داوای سەربەخۆیی کوردستانیان کردووە.
باسنیوز
