کارتەکانی هەرێمی کوردستان بەرامبەر عێراق و وڵاتان ئاشکرا دەکرێن
ئاسۆ کەریم، نووسەر و چاودێری سیاسی، لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک)، ژمارەیەک خاڵی بەهێزی کوردستانی ئاماژە پێداوە کە وەک کارتێک دەکرێ لە بەرامبەر هەڕەشەکانی بەغدا یان هەر هەڕەشەیەکی دیکە بەکار بهێندرێت و ڕێگەی بڵاوکردنەوەی داوە.
بەپێی بۆچوونی ئاسۆ کەریم، کارتەکان بریتین لە:
١) خواست و ئیرادەی بەئاشتییانە دەربڕاو لە ڕیفراندۆمی 25ی ئەیلوولی 2017 لەلایەک و خیتابێکی نەرم و ھاوسەنگ بۆ بەدیھێنانی ئیرادەی خەڵک.
٢) خۆڕاگری و یەکێتیی ھێزە سیاسییەکانی کوردستان و پێکەوە بڕیاردان، واتە مانەوەی ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم و بەرفرەوانکردنی کە ھەم (گۆڕان) و (کۆمەڵی ئیسلامی)یش بگرێتەوە، ئەمەش بە مانای ”پشت بەستن بە خۆ“ دێت.
٣) ڕووباری دیجلە و سەرچاوەکانی دیکەی ئاو و ھەر سێ بەنداوی (مووسڵ، دوکان و دەربەندیخان) لەبندەستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندان.
٤) گازو نەوتێکی زۆر.
٥) بازاڕێک کە بە ئاسانی لەدەست نادرێ.
٦) خاکێکی بەپیتی کشتوکاڵی.
٧) ھەرێمێکی زێتر لە 70 ھەزار کیلۆمەتر چوارگۆشە و میللەتێکی 5 تا 6 ملیۆنی.
٨) ھێزەکانی پێشمەرگە و پۆلیس و ئاسایش کە بەسەریەکەوە زۆر لە 200 ھەزار پتر دەبن.
٩) پشتەوانیی براکانمان لە پارچەکانی دیکە کە بەڕای خۆم فاکتەرێکی گرنگە.
١٠) ڕەوەندێکی کورد کە زێتر لە 1 ملیۆن دەبن و لە ھەر 5 کیشوەرەکە و زۆربەی وڵاتانی دنیادا دەژین و دەکرێ ھاوکاریی زۆری کوردستان بکەن، ئەگەر ڕێک بخرێن.
١١) پشتیوانیی لە عارەبی سوننە بکرێ ئەگەر داوای چاکگردنەوەی ناوچەکانیان و گەڕانەوەی ئاوارەکان و دەرکردنی حەشدی شەعبی و پێکھێنانی ھەرێمێک بۆ خۆیان بکەن.
١٢) دەست بە چاکسازی بکرێ و دەستوورێکی مەدەنیی دیموکرات لەسەر ئەو پرەنسیپانە دابندرێ کە ئەنجوومەنی باڵای ریفراندەم ڕێککەوتنی لەسەر کردووە.
لەگەڵ ئاماژەدان بە چەندان خاڵی دیکەی بەهێز.
باسنیوز
