نووسەرێکی سعودی لەبارەی کوردستان وەڵامی ئەردۆغان دەداتەوە
مشاری زایدی، نووسەر و رۆژنامەنووسی رۆژنامەی (شەرقولئەوسەت)ی لەندەنی لە وتارێکدا، رایگەیاندووە، کە یەکگرتنەوەی لێدوانەکان و لۆژیک، لە هێماکانی پێگەیشتن و داناییە لە حوکمدا، وەک ئاماژەیەک بۆ نابەجێی لێدوانەکانی رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا.
مشاری زایدی لە وتارەکەدا، کە لە رۆژنامەکەی بڵاوی کردووەتەوە، ئاماژەی بەوە کردووە، کە گەلی کوردستان زۆرینەیان موسڵمانی سوننەمەزهەبن و بەمەش لەگەڵ تورکیای سوننەمەزهەب ناکەونە ناو کێشەی تائیفی، وەک وەڵامێک بۆ ئەردۆغان، کە رایگەیاندبوو، کە سەربەخۆیی کوردستان شەڕی تائیفی لە ناوچەکە دروست دەکات.
ئەو نووسەرە سعودیە بە سەرسوڕمانەوە پرسیار لە سەرۆک کۆماری تورکیا دەکات و دەڵێت، ئەگەر کوردەکان نەزانن حوکمڕانی بکەن ”وەک تۆ دەیڵێی“، ئایا ئیخوانەکانی میسر، کە تورکیا پشتیوانییان دەکات، دەزانن؟ یان بەرەی نوسڕەی باڵی رێکخراوی تیرۆریستی قاعیدە لە سووریا دەزانێ حوکمڕانیی بکات؟
رۆژی دووشەممە 25/9/2017، زۆرینەی خەڵکی کوردستان لە ریفراندۆمێکدا داوای سەربەخۆیی کوردستانیان کرد.
باسنيوز
