''لە دەشتی نەینەوا ڕێژەی بەشداریی عەرەب و کریستیانەکان لە ڕیفراندۆمدا بەرز بوو''
(شێخ محیەدین مزووری)، کارگێڕی لقی ١٤ی پارتی لە مووسڵ بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''دوێنێ پڕۆسەی ڕیفڕاندۆم لە دەڤەرەکانی دەوروبەری شاری مووسڵ زۆر بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە بەڕێوە چوو، بۆ یەکەمجارە پڕۆسەیەکی ھەڵبژاردن لەو سنوورە بەو شێوەیە بەڕێوە بچێت و ھاووڵاتییان بە ئازادانە و لە کەشێکی ئارامدا ڕوو لە بنکەکانی دەنگدان بکەن بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان، ھەموو پێکھاتەکانیش، بە کورد و عەرەب و کریستیانەوە، بەبێ جیاوازی و بێ ئەوەی کەس داوایان لێ بکات، خۆیان دەھاتنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و چارەنووسیان دیاری دەکرد.''
بەرپرسەکەی پارتی گوتی: ''من، خۆم لە سنووری ڕۆژھەڵاتی مووسڵ سەرپەرشتیی پڕۆسەکەم دەکرد و بەردەوام سەردانم بۆ ناوچەکانی ئاسکی مووسڵ و ناحیەی وانکێ و بەنداوی مووسڵ و تلسقۆف و ھەموو دەڤەرەکە ھەبوو، پێشبینیم نەدەکرد پێکھاتەکان بەو قەبارەیە بێنە سەر سندووقەکانی دەنگدان، لەبەر ئەوەش، ھەم ڕێژەی بەشداریکردن لە ڕیفڕاندۆمدا لەو سنوورانە بەرزە، ھەمیش زیاتر ئەوانەی بەشدارییان دەکرد بە بەڵێ دەنگیان بۆ سەربەخۆییی کوردستان دەدا.''
لەبارەی ڕەوشی ئەمنی و ھەبوونی کێشە و گرفتەوە، (شێخ محیەدین مزووری) ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ''چونکە ھێزی پێشمەرگە لەو سنوورانەیە ھیچ کێشەیەکی ئەمنی ڕووی نەدا و لەبارەی ھەبوونی گرفتیشەوە ڕەنگە لە ڕووی ڕێکارەکانی کۆمیسیۆنەوە، ھەندێک کەموکورتی ھەبێت، بەڵام لەو ئاستەدا نەبوو کاریگەریی ھەبێت لەسەر پڕۆسەکە، ئەگەر باسی شەفافییەتی پڕۆسەکەش بکەین، ئەوە قسەی لەسەر ناکرێت و بە ئامادەبوونی چاودێران پڕۆسەکە بەڕێوە دەچوو.''
kdp-
