حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئیمتیازێک بە ھەندێک لە خەڵکی کەرکووک دەدات
بەپێی فەرمانێکی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوە و زانستیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، کە لە ١٩ی ٧ی ٢٠١٧ دەرچووە و کۆپیەکی ئەو فەرمانەش دەست (باس) کەوتووە، بڕیار دراوە بە پێدانی ئیمتیازێک بە ھەندێک لە ھاووڵاتییان و فەرمانبەرانی رەسەنی کەرکووک.
بەپێی بڕیارەکە، ئەو کەسانەی دەرچووی کۆلیژی (قەڵەمی زانکۆیی)ن کە ئەو زانکۆیە لە لای ھەرێمی کوردستان دانپێندانراو نییە، بەڵام ئیمتیاز بە بڕوامەکانیان دەدرێت و دانی پێدا دەندرێت، تیایدا ھاتووە: "ھەندێک لەو قوتابییانەی کە دانیشتووی رەسەنی کەرکووکن، یان لە کەرکووک یان لە ناوچەکانی تری دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان نیشتەجێن و بڕوانامەی ئامادەییان لە شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق ھێناوەتەوە، یان ھەندێکیان کار لە فەرمانگەکانی حکوومەتی ھەرێمدا دەکەن و دەرچووی کۆلیژی (قەڵەمی زانکۆیی)ن، ئیمتیاز بە بڕوانامەکانیان دەدرێت“.
ئاماژە بەوە کراوە، دوای دڵنیابوون و پێشکەشکردنی بەڵگەنامەکان لە نووسینگەی کەرکووکی وەزارەتی خوێندنی باڵان بڕوانامەکانیان پەسند دەکرێـت و لە فەرمانگەکان دەرماڵەی بڕوانامەیان بۆ خەرج دەکرێـت و ناونیشانی وەزیفییان دەگۆڕدرێت.
وەزارەتی خوێندنی باڵا ئاشکراشی کردووە، دەرچووانی کۆلیژی قەڵەمی زانکۆ، لەو ناوچانە بۆیان ھەیە خوێندنی ماستەر و دکتۆراش تەواو بکەن.
عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵای ھەرێمی کوردستان بۆ (باس)، دەرکردنی بڕیارەکەی پشڕاست کردەوە و رای گەیاند، ئەو بڕیارە بە ھەندێک مەرجەوە دراوە.
روونی کردەوە، بڕیارەکە بۆ پاراستنی مافی ھاووڵاتییانی دانیشتووی رەسەنی پارێزگای کەرکووکە.
بەشێک لەو فەرمانبەرانەی ئەو ئیمتیازە دەیانگرێتەوە، لە فەرمانگەکانی حکوومەتی ھەرێم، بەتایبەت لە چەمچەماڵ و ناحیەی شوان و ناحیەی تەقتەق کار دەکەن.
پێشووتر، باپیر بەکر، بەڕێوەبەری گشتیی ئەزموونەکان لە وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کوردستان بە (باس)ی راگەیاندبوو، ھەندێک زانکۆ ھەیە لە ھەرێمی کوردستان دانیان پێ نەندراوە، پێویستە ھەموو ئەوانەی مەبەستی خوێندنیان ھەیە لە کۆلیژ و زانکۆکانی (قەڵەم، نوور، کتاب، حەدبا، ئیمامی ئەعزەم،) پێویستە لای فەرمانگەی دادنووس یا بەشی یاسایی، بەڵێننامە پڕ بکەنەوە، بۆ ئەوەی ھەر کاتێک خوێندنیان بە سەرکەوتوویی تەواو کردە داوای ھیچ ئیمتیازێک لە حکوومەت نەکەن.
جەختی کردەوە، فەرمانگەکانی حکوومەت بڕوانامەی بەدەستھاتووی ھەر فەرمانبەرێک لەو زانکۆیانە بە بڕوانامەی تازە ئەژمار ناکات و دەرماڵەیان بۆ خەرج ناکرێت.
بەپێی رێنماییەکانی وەزارەتی دارایی، لە کاتی بەدەستھێنانی بڕوانامەی زانکۆ، دەرماڵەی تایبەت بە فەرمانبەران دەدرێت و ناونیشانی وەزیفیشیان دەگۆڕدرێـت.
باسنيوز
