ئەمریکا: پەیوەندییە مێژووییەکانمان لەگەڵ هەولێر بەردەوام دەبێت
هێزەر نۆرت، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، کە بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان پەیوەندییەکانی کوردستان و عێراق ئاڵۆز دەکات.
هێزەر نۆرت بە ئاماژەکردن بە پشتگیریی وڵاتەکەی بۆ عێراقێکی دیموکراسی، رایگەیاند، ئەنجامدانی ریفراندۆم ”کاریگەریی نەرێنی“ ناکاتە سەر پەیوەندییەکانی نێوان کوردستان و ئەمریکا.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا جەختی لەوە کردووەتەوە، کە ”پەیوەندییە مێژووییەکان“ی نێوان هەولێر و واشنتن بەردەوام دەبن.
رۆژی دووشەممە 25/9/2017، گەلی کوردستان ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانی ئەنجام دا و بەپێی ئامارە سەرەتاییە نافەرمییەکان، زۆرینەی دەنگدەران داوای سەربەخۆیی کوردستانیان کردووە.
چاودێران پێیانوایە کە ئەم هەڵوێستەی ئەمریکا دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان نواندوویەتی، زۆر نەرمترە لە هەڵوێستی پێشووی ئەمریکا کە بانگەشەی ئەوەی دەکرد، ئەگەر ڕیفراندۆم دوانەخرێت، ئەوەی هەیە دەکەوێتە ژێر مەترسییەوە. چاودێران نوێترین هەڵوێستی ئەمریکایان بە ”ئەرێنی و نەرم“ لەقەڵەم داوە.
باسنیوز
