ھەر پاشەکشەیەکی ئەمەریکا لەگەڵ کوردستان، رووسیا شوێنەکانیان پڕ دەکاتەوە

ھەر پاشەکشەیەکی ئەمەریکا لەگەڵ کوردستان، رووسیا شوێنەکانیان پڕ دەکاتەوە
بە بڕوای چاودێرانی سیاسی، ڕووسیا بە نەرمی ھەڵوێستەکانی دەیەوێ خۆی لە کوردستان نزیک بکاتەوە، لەکاتێکدا کە ھەڵوێستی ئەمەریکا بەرامبەر بە ڕیفراندۆمی کوردستان بۆ سەربەخۆیی توند بووە. شارەزایەکی نێودەوڵەتیش ئاماژە بەوە دەدات ھەر پاشەکشەیەکی ئەمەریکا و تورکیا لەگەڵ کوردستان، رووسیا شوێنەکانیان پڕ دەکاتەوە.



رووسیا ئەو ھێزەی کە زۆربەی کات لەدوای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا حسابی بۆ دەکرێت، لەم ماوەیەی کە کوردستان بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی دا، ھەڵوێستەکانی نەرم و ئەرێنی بوون، تەنانەت گرێبەستی گەورەی لە بواری نەوت و غازدا لەگەڵ کوردستان ئەنجام دا، لە کاتێکدا کە ئەمەریکا ھەڵوێستەکانی بەتوندی لە دژی ئەنجامدانی پرۆسەکە بینرا.



ئاژانسی ھەواڵی (رۆیتەرز) بڵاوی کردووەتەوە، ئەو رێککەوتنە وەرچەرخانێکی گەورەیە بۆ کورد، کە لە ساڵی ١٩٩١وە پەیوەندییەکی تۆکمەیان لەگەڵ واشنتندا ھەیە.



لای خۆشیانەوە، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا بۆ میدیا جیھانییەکان رای گەیاند: "ئەوان بایەخ بە خواستەکانی کوردستان دەدەن، کە دەیانەوێت وەکوو ھەر گەلێکی دیکەی سەر ئەم ھەسارەیە خواست و ھیواکانیان بێتە دی”.



سیروان حەمەشەریف، چاودێری سیاسی و شارەزای نێودەوڵەتی رای گەیاند، رووسیا لە ھاوکێشەی جیھانیدا قورسایی ھەیە و ئەوەی درکی پێ دەکرێت لەم ماوەیەدا کە ھەڵویستەکانی ئەمەریکا توند بووە، رووسیا خۆی لە کوردستان نزیک کردووەتەوە، گوتی: “رێککەوتنەکانی ئەو دواییەی لەگەڵ کوردستان و حساب نەکردن بۆ عێراق ئەو راستییەمان پێ دەڵێت کە کوردستان بۆ رووسیا لە عێراق گرنگترە، ھەر بۆیەش ھەڵوێستەکانی بەرامبەر بە ڕیفراندۆمی کوردستان نەرم و دیپلۆماسیانە بوون، بەراورد بە ھەڵوێستەکانی ئەمەریکا کە توندیی پێوە دیاربووە”.



ئاماژەی بەوەش دا، رووسیا ئەگەر بۆی بکرێت لە ڕێگەی کۆمپانیای رۆسنەفتەوە، ئەوە نەوت و غازی کوردستان لە ڕێگەی سووریاوە دەفرۆشێت، چونکە سووریا بەتەواوی لەژێر ھەژموونی خۆیدایە، گوتی: “تورکیا ھەڵەی وا ناکات کە ڕێگە لە ھەناردەی نەوتی کوردستان بگرێت بۆ بازاڕەکانی جیھان، کە قازانجی لەو پڕۆسەیە بە ملیۆنان دۆلارە، بەڵام ئەگەر کاری وا بکات ئەوە شەرعییەت دەدات بە رووسیا کە بیر لە بژارەی سووریا بکاتەوە”.



کۆمپانیای رۆسنەفتی رووسی، بڕی یەک ملیار دۆلار بۆ راکێشانی بۆڕیی گازی سروشتی بۆ تورکیا تەرخان دەکات و توانای گواستنەوەی ئەو بۆڕییەش ساڵانە ٣٠ ملیار مەتری سێجا گازی سروشتیی دەبێت.



د. عەبدولکەریم خەسرۆ، چاودێری سیاسی رای گەیاند، ھاتنی کۆمپانیای رۆسنەفتی رووسی بەو قورساییەی بۆ کوردستان و ھەڵوێستی نەرمی مۆسکۆ لەبارەی ڕیفراندۆمی کوردستانەوە ئەوە دەردەخات کە رووسیا چاوی لەوەیە پێگەی خۆی لە کوردستان بەھێز بکات، بەڵام ھەڵوێستی توندی ئەمەریکاش بەو مانایە نییە کە ئەمەریکا پاشەکشە لە بەرژەوەندییە ئابووری و سیاسییەکانی لە کوردستان دەکات، گوتی: “لە دۆخێکدا کوردستان ببێت بە دەوڵەت، ئەمەریکا ھەوڵی توندکردنی زیاتری پەیوەندییەکانی دەدات و کوردستان بەو شێوەیە جێ ناھێڵێت کە مۆسکۆ بتوانێ بۆشاییەکانی پڕ بکاتەوە”.



ئەو چاودێرە ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، دوای نەمانی داعش لە عێراق، ئەمەریکا نەخشەیەکی نوێ بۆ ستراتیژی خۆی دادەنێت، نەخشەکە لەسەر ئەو دیفاکتۆیە دەبێت کە لە چوارچێوەی عێراقدا ھەیە، کوردستانیش مەسیجی تەواوی خۆی بەو ستراتیژە داوە و ئەمەریکاش لەسەر ئەو بنەمایە خوێندنەوەی بۆ دەکات.




باسنیوز
Top