کەرکووک تا سبه‌ی، قەدەغەی ھاتوچۆ راده‌گه‌یێنێ

 	 کەرکووک تا سبه‌ی، قەدەغەی ھاتوچۆ راده‌گه‌یێنێ
- لیژنەی ئەمنیی شاری کەرکووک، قەدەغەی ھاتوچۆی لەنێو شاردا راگەیاند و بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزا و ناحیەکانیش دەڵێ، تا سبەی ھاتوچۆ قەدەغەیە و رێگە نادەین ھیچ کەسێک پشێوی بنێتەوە.

(عەمید سەرحەد قادر) بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزا و ناحیەکانی کەرکووک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند "ئێمە وەک لیژنەی ئەمنیی شاری کەرکووک بڕیارمان داوە، هه‌ر كه‌ پڕۆسه‌ی ده‌نگدان ته‌واو بوو، ھاتوچۆی ئۆتۆمبێڵ لە نێو شاری کەرکووک قەدەغە بکەین''، وه‌ك ئه‌و ده‌ێڵ، لیژنەی ئەمنی پێی باش بوو رێکاری ئەمنی بگرێتە بەر بۆ ئەوەی ھاووڵاتیان، نەتەوە و پێکھاتەکانی دیکەی شارەکە بێزار نەکەن بە دەربڕینی خۆشی، وەک لێدانی دەنگی ئۆتۆمبێڵ و تەقەکردن و، بڕیاره‌كه‌ بەرەبەیانی سبەی سێشەممە بەردەوامی دەبێت.

بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزا و ناحیەکانی کەرکووک دەشڵێ "ھێزەکانمان لەنێو شار و دەوروبەریدا بڵاوەیان پێ کراوە و رێگە بە ھیچ کەسێک نادەین پەنا بباتە بەر دیاردەی تەقەکردن و نانەوەی ئاژاوە لە نێو شاری کەرکووک، نه‌بادا خۆشیی ریفڕاندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆیی ببێ به‌ بەھانە بۆ ئەنجامدانی تاوان.''

(عەمید سەحەد قادر) گوتیشی "لە بەیانییەوە تا ئێستا، لەنێو شار و دەوروبەری کەرکووک ھیچ گرفتێکی ئەمنی نەبووە و، ھێزەکانی ئەمنی زۆر بە باشی توانیویانە پلانی خۆیان بۆ پاراستنی پڕۆسەی ریفڕاندۆم جێبەجێ بکەن، داوایش لە ھاووڵاتیانی کەرکووک دەکەین ھاوکارمان بن بۆ ئەوەی پڕۆسەکە ھیچ گرفتێکی نەبێت.''
kdp-
Top