ڕێژه‌یەکی زۆر ئاوارەی کەرکووک لە بنەسڵاوە، بەهۆی قەرەباڵغییەوە ناتوانن بچنە نێو بنکەی دەنگدانەوە

ڕێژه‌یەکی زۆر ئاوارەی کەرکووک لە بنەسڵاوە، بەهۆی قەرەباڵغییەوە ناتوانن بچنە نێو بنکەی دەنگدانەوە
لە بنکەی قەزای دەشتی ھەولێر، کە تایبەتە بە ئاوارەکانی کەرکووک بە ھۆی قەرەباڵغییەوە دەنگدەران دەوری بنکەکەیان داوە و چالاکوانێکیش دەڵێت، بە ھۆی زۆریی ژمارەی دەنگدەرانەوە نەمانتوانی بچینە نێو بنکەکەوە.


(زەمان عەبدە)، چالاکی مەدەنی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''نزیک کاتژمێر 6ی ئەم ئێوارەیە بۆ ئەوەی یەکێک لە کوڕەکانم لە ڕیفڕاندۆمدا بەشداری بکات، بردوومەتە بنکەی قەزای بنەسڵاوەی نزیک ھەولێر، کە تایبەتە بە خەڵکی کەرکووک و ئاوارەکانی کەرکووک، بەڵام بەداخەوە بە ھۆی ئەوەی قەڵەباڵغییەکی زۆر ھەبوو نەمانتوانی بچینە نێو بنکەی دەنگدان و گەڕاینەوە بۆ ماڵ، ھەرچەندە کاتژمێرێک ماوەی دەنگدان درێژ کراوەتەوە، بەڵام ئەوەندەی خەڵک لێیە ناتوانین بچینە ژۆرەوە.''

(زەمان عەبدە) گۆتیشی: ''پەیوەندیم بە یەکێک لە کەسەکانی نێو بنکەی بنەسڵاوە تایبەت بە ئاوارەکانی کەرکووک کردووە، بەڵام ھیچ چارەسەرێکی نییە، مەبەستم ئەوەیە بڵێم خەڵکی زۆر بە تامەزرۆن بۆ سەربەخۆیی و بەلێشاو سەردانی بنکەکانی دەنگدان دەکەن، دووەمیش دەمەوێ، ئەوە ڕابگەیەنم، کە پێویست بوو کۆمیسیۆن بنکە و وێستگەی زیاد تەرخان بکات، بۆ ئەوەی ھیچ کەسێک لەو مافەی بێبەش نەکرێت.''
kdp-
Top