لیژنه‌ی ئه‌منیی پارێزگای هه‌ولێر هۆشداری ده‌داته‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی ته‌قه‌ی خۆشی ده‌كه‌ن

 لیژنه‌ی ئه‌منیی پارێزگای هه‌ولێر هۆشداری ده‌داته‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی ته‌قه‌ی خۆشی ده‌كه‌ن
لیژنەی ئەمنیی پارێزگای هەولێر ئاشكرای دەكات ئەوەی بۆ خۆشی دەربڕین تەقە بكات سزا دەدرێت و پارێزگاری هه‌ولێریش دووپاتی ئه‌و بڕیاره‌ ده‌كاته‌وه‌

له‌ ئاگادارییەكی لیژنه‌ی ئه‌منی پارێزگای هه‌ولێر له‌ به‌شێكیدا هاتووه‌"جێگه‌ی خۆیه‌تی له‌دوای ته‌واوبوونی پرۆسه‌ی ده‌نگدان له‌ هه‌موو شار و شارۆچكه‌و سووچێكی ئه‌م نیشتمانه‌ ئاهه‌نگ و شایی و كه‌رنه‌ڤال سازبكه‌ین به‌ڵام به‌شێوه‌ی شارستانی و دوور له‌هه‌ر زێده‌رۆیی و ته‌قه‌كردن و نه‌ریتی ناشارستانی كه‌ ببێته‌ مایه‌ی ئازارو مه‌ترسی بۆسه‌ر هاونیشتمانیانمان و ناره‌حه‌تبوون و نیگه‌رانی چاودێرانی نێوده‌وڵه‌تی كه‌ ئه‌مرۆ له‌كوردستانن بۆ چاودێریكردنی پرۆسه‌ی ریفراندۆم و دلنیابوون له‌ به‌رێوه‌چوونی به‌شێوه‌یه‌كی یاسایی و درووست".

لیژنەی ئەمنیی پارێزگای هەولێر جەختی كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ "بۆیه‌ له‌ هه‌مبه‌ر هه‌ر كارێكی نایاسایی له‌ ته‌قه‌كردن و شێواندنی ره‌وشی ئه‌مینی پایته‌خت ناچار ده‌بین رێوشوێنی توند و هه‌ڵسوكه‌وتی یاسایی و سزادان له‌به‌رامبه‌ریان بگرینه‌ به‌ر".

ڕوونیشكراوه‌ته‌وه‌ كه‌ نەوزاد هادی پارێزگاری هه‌ولێر و سه‌رۆكی لیژنه‌ی ئه‌منیی پارێزگای هه‌ولێر هه‌لوێستی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌ییه‌ی خه‌ڵكی كوردستان و به‌تایبه‌تیش خه‌ڵكی هه‌ولێر بۆ ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی بەرز دەنرخێنێت، بەڵام دووپاتی دەكاتەوە نابێت لە خۆشی دەربڕین یاسا شكێنی بكرێت.










باسنیوز
Top