پێشمەرگە هۆشداریی دەداتە سوپای عێراق

 پێشمەرگە هۆشداریی دەداتە سوپای عێراق
دوو فەرماندەی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان هۆشداریی دەدەنە سوپای عێراق، دوای بڕیارەکەی پەرلەمانی ئەو وڵاتە.

هەڵگورد حیکمەت، بەڕێوەبەری گشتیی راگەیاندن و ھۆشیاریی نیشتمانی لە وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە ئەگەری هەر ”سەرکێشییەکی بەغدا“، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێ بەرگەی ئەنجامەکانی بگرێت.

هەڵگورد حیکمەت هۆشداریی دا سوپای عێراق و رایگەیاند، لە ئەگەری هەر هێرشێک یان هەڕەشەیەک، ”پێشمەرگە ناوەستێ و پارێزگاریی لە شوێنی خۆی دەدات“ و ئاگاداری حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاگادار دەکاتەوە، کە ”بەرپرسیارێتیی ئەو ھەڕەشانە لە ئەستۆ بگرێ“.

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی پێشمەرگە بە ئاماژەکردن بەوەی ”پێشمەرگە لە بستێکی خاکی کوردستان ناکشێتەوە“، رایگەیاند، ئەو جۆرە بڕیارە تاکڕەوانە دژی کوردستان وای لە سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان کرد بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی بدات.

هەروەها فەریق جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان ”حیسابی بۆ هەموو ئەگەر و کاردانەوەیەک لە دژی ریفراندۆم کردووە“.

رۆژی دووشەممە 25/9/2017، پەرلەمانی عێراق بڕیاری دا هێزە عێراقییەکان لە هەموو ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، کە تا ساڵی 2013 لەوێ بوون، جێگیر بکرێنەوە.

پێش داگیرکاریی رێکخراوی تیرۆیستی داعش لە عێراق، بەرپرسیارێتیی پاراستنی ئەو ناوچانە لە ئەستۆی سوپای عێراق بوو، بەڵام لە ماوەی چەند رۆژێکی کەمدا ئەو سوپایە هەرەسی هێنا و هەموو ئەو ناوچانە جگە لە کەرکووک، کەوتنە ژێر دەسەڵاتی داعش.

دوای ماوەیەکی کەم، پێشمەرگە هەموو ناوچە کوردستانییەکانی رزگار کردەوە و بەرپرسانی باڵای کوردستانیش رایانگەیاندووە، کە پێشمەرگە هەرگیز لە هیچ ناوچەیەکی کوردستان پاشەکشە ناکات.

نزیکی دوو هەزار چەکداری داعش لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکیدا، هەرەسیان بە سوپای عێراق هێنا و نزیکەی نیوەی خاکی عێراقیان داگیر کرد.

ئەمڕۆ دووشەممە 25/9/2017، گەلی کوردستان بە هەموو ئایین و نەتەوەکانەوە لە ریفراندۆمی سەربەخۆییدا، بڕیار لە چارەنووسی خۆی دەدات.

لە کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممە 7/6/2017ی مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ نوێنەر و سەرکردەی حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، بڕیاردرا، رۆژی 25ـی ئەیلوولی 2017 ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لە ھەرێمی کوردستان، کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، ئەنجام بدرێت.











باسنیوز
Top