ئه‌ندامێكى ئه‌نجومه‌نى باڵای ڕیفراندۆم: كارنامه‌ى دانوستانمان له‌گه‌ڵ به‌غدا سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ده‌بێت
خه‌لیل ئیبراهیم، ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى باڵای ڕیفراندۆم و كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كگرتوو، ڕأىگهیاند: "ئیشى دواى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه 25ى ئه‌یلوولى 2017 نه‌خشه ڕێگاى پرۆسه‌ى سه‌ربه‌خۆیی ده‌بیت، ئه‌نجومه‌نى باڵای ڕیفراندۆمیش، ناوى (ئه‌نجومه‌نى سه‌ربه‌خۆیی كوردستان) ده‌بێت، به‌ڵام بڕیار له‌سه‌ر هه‌نگاوه‌كانى سه‌ربه‌خۆیی به هاوده‌نگى و هاوتهكبیری و هاوخه‌مى هه‌مووان ده‌بیت و شتێكى دوولایه‌نه‌یه".
ئه‌ندامه‌كه‌ى ئه‌نجومه‌نى باڵای ڕیفراندۆم، باس له‌وه‌ش ده‌كات، كه ستراتیژیان له‌گه‌ڵ عێراق دیاره و ده‌یانه‌وێت سهبهخۆبن، ئه‌وه‌ی گرنگیشه ئه‌وه‌یه چۆن بچینه پرۆسه‌ى دانوستانه‌وه له‌گه‌ڵ به‌غدا، ئێمه به‌رنامه‌ى گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ئه‌وان داده‌نه‌ین و كارنامهكهشمان بابه‌تى سه‌ربه‌خۆیی ده‌بیت، له‌وه‌شدا كێشه‌ی نه‌وت، ئاو، سنوور، غاز، ئاسمان و فرۆكه‌خانه‌كان، گفتوگۆیان له‌سه‌ر ده‌كرێت.
سه‌ركرده‌كه‌ى یه‌كگرتوو، باس له‌وه‌ش ده‌كات، سه‌یر ده‌كه‌ن بزانن عێراق تا چه‌ند ئاماده‌ییان تێدایه و چۆن دێنه پێش، بۆیه بابه‌ته‌كه په‌یوه‌سته به‌وان، هه‌روه‌ها هه‌وڵیش ده‌ده‌ین ئێمه له‌ستراتیژى خۆمان ده‌رنه‌چین و هه‌موو بابه‌ت و گفتوگۆكانیش له چوارچێوه‌ى سه‌ربه‌خۆیدا ده‌بێت، ده‌شڵێ: "گفتوگۆیه‌كى دوولایهنانهیان له‌گه‌ڵ به‌غدا ده‌كرێت، زۆر زووش به‌رنامه‌ى خۆمان داده‌نه‌ین و گفتوگۆكانیش له‌گه‌ڵ ده‌رو دراوسێ ده‌ست پێ ده‌كه‌ین و په‌یوه‌ندیشمان له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى به‌رده‌وام ده‌بێت".
خه‌لیل ئیبراهیم، ئه‌مڕۆ به ڕۆژێكى مێژووى بۆ گه‌لى كوردستان داده‌نێت، ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، كه كورد یه‌كه‌م جاره به ئیراده و خواستى خۆی له خاكى كوردستاندا ده‌نگ له‌سه‌ر چاره‌نووسی خۆی ده‌دات، نه‌ك له پایته‌ختى هیچ وڵاتێكى دیكه، ئه‌مه‌ش ستراتیژییه‌تى نوێ وێنا ده‌كات بۆ ڕزگاربوون له ژێرده‌سته‌ى.
ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه 25ى ئه‌یلوولى 2017 له هه‌رێمى كوردستان پرۆسه‌ى ده‌نگدان بۆ ڕیفراندۆمى سه‌ربه‌خۆیی له‌سه‌ر جه‌م ناوچه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و ناوچه كوردستانییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێمى كوردستان به كه‌ركووكیشه‌وه ده‌ستى پێ كرد.
باس‌نیوز
