تائێستا ملیۆنێک و 350 هەزار دەنگدەر بەشدارییان لە پرۆسەی ڕیفراندۆمدا کردووە
بەپێی زانیارییەکان کە لە سەرچاوەکانی نێو کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی کوردستان دەستی کەوتووە، تاوەکوو ئێستا لە هەموو کوردستاندا ملیۆنێک و 350 هەزار کەس دەنگی داوە کە بەرزترین ڕێژەی بەشداریکردنی خەڵک لە پارێزگای دهۆک بووە و هەولێریش لە ڕیزبەندیی دووەمە کە ئەم ئامارە تەنیا پرۆسەی دەنگدانی گشتی دەگرێتەوە.
هەر بەپێی ئەو زانیارییانە، لە پارێزگای هەولێر سێ گرفتی سەرەکی ڕووبەڕووی دەنگدەران بوونەتەوە کە بریتین لە: ”یەکەم بەشێک لە خەڵکی ناویان لە کۆمپیوتەر و سیستەمی ئەلیکترۆنیدا هەیە، بەڵام لە سەر کاغەز ناویان نییە. دووەم: ئەوانەی لەدایکبووی 1999ن و ناویان لای کۆمسیۆنی هەڵبژاردن و ڕاپرسی نوێ نەکردووەتەوە، بەڵام لە بایۆمەتریی عێراقدا ناویان نوێ کردووەتەوە و کۆدی عێراقییان هەیە، ئەمانە لە دەنگدان بێبەش کراون.سێیەمیش ئەوەیە کە ئەو پۆلیس و کارمەندانەی ئاسایش کە لە ئەرک دان و ناتوانن لە شوێنی دیاریکراویان بۆ دەنگدانی تایبەت دەنگ بدەن، ناشتوانن لە شوێنەکانی دەنگدانی گشتی دەنگ بدەن“.
سەرچاوەکەی کۆمسیۆن ڕوونی کردەوە کە ئەم کێشانە وایانکردووە بەشداریکردنی خەڵک لە پرۆسەی دەنگدان بۆ ڕیفراندۆم هەندێک سست بەڕێوە بچێت.
باسنیوز
